جۆرج وەسوف پاش مەرگی کوڕەکەی واز لە گۆرانی دەهێنێت؟
+964
پەرستۆ ساڵح – هەولێر
پاش کۆچی دوایی وەدیعی کوڕی، گەورەی هونەرمەندی بەناوبانگی سووریا جۆرج وەسوف، دەنگۆی وازهێنانی لە گۆرانی وتن بڵاودەبێتەوە و ناشیەوێت چیتر گوێبیستی نازناوی “ئەبو وەدیع” بێت.
بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانەکەی جۆرج وەسوف ئاشکرایکردووە، کە بەمنزیکانە لە رێگای کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییەوە، جۆرج وەسوفی تەمەن 61 ساڵ بە یەکجاری خانەنشین بوونی خۆی لە کاری هونەری و گۆرانی وتن رادەگەیەنێت، بەهۆی مەرگی لەناکاوی کوڕە گەورەکەی کە کاریگەری گەورەی دروستکردووە لە رووی جەستەیی و دەروونیشیەوە لەسەر جۆرج وەسوف.
رۆژنامەنووسی لوبنانی، حەنەدی عیسا رایگەیاندووە: جۆرج وەسوف دڵتەنگی و خەمۆکیەکەی لە وەسفکردندا نییە و بە کەسانی نزیکی خۆی وتووە کە نایەوێت گۆرانی بڵێت و نایەوێت ناوی (ئەبو وەدیع) لەسەر شانۆ ببیستێت، چونکە ئازاری دەدات”.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوەشکردووە، جۆرج وەسوف دوای چل رۆژ لە مەرگی کوڕەکەی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕێکدەخات، باس لەوە دەکات کە ئایا بە یەکجاری وازدەهێنێت یاخود نا؟.
نزیکەی هەفتەیەک بەرلەئێستا لە حەوتی کانونی دووەمی 2023، لە تەمەنی 39 ساڵیدا کوڕەکەی جۆرج وەسوف کۆچی دوایی کرد، پاش دوو هەفتە مانەوەی لە نەخۆشخانە بەهۆی نەشتەرگەری بڕینی گەدەوە.