خاوەنکارەکان پەلە بکەن و ناو تۆمار بکەن

پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانانی هەرێم لە پاریس دەکرێتەوە

شۆڕش قادری

پێشانگایەکی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا دەکرێتەوە.

مەعروف هەرکی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر بە 964ـی وت، “لە رۆژانی 3 بۆ 5.12.2024 پێشانگای نێودەوڵەتی بۆ تەکنەلۆژیای دارایی و کارتی ئەلیکترۆنی، لە شاری پاریس لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت”.

“بۆ ئەم مەبەستە ئاگاداری بازرگانان، خاوەن کۆمپانیا و خاوەنکارانی ئەندام لە ژوورەکەمان (لە هەمان سێکتەری پێشانگا) دەکەینەوە،  ئەوانەی خوازیارن بەشداربن لەم پێشانگایە، بێن ناوی خۆیان تۆمار بکەن”، مەعروف هەرکی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بازرگان و خاوەنکارەکان دەتوانن تا 31.10.2024 ناوی خۆیان تۆمار بکەن و ئەوە دوایین کاتە.

مەعروف هەرکی وتیشی، بۆ زانیاری زیاتر، بازرگانان دەتوانن سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر – بەشی پەیوەندییەکان بکەن.