کەى دەستپێدەکاتەوە؟

ساڵێکە ئاسمانى تورکیا بەڕووى گەشتە ئاسمانییەکانى سلێمانیدا داخراوە

964+

وریا فەتاح

ساڵێکە ئاسمانى تورکیا بەڕووى ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە گەشتى ئاسمانى بۆ فڕۆکەخانەى سلێمانى ئەنجام دەدەن، هەرچەندە بڕیارە 26ـى حوزەیران قەدەغەکە هەڵبگیرێت، بەڵام رەنگە وەک هەر جارێکى دیکە درێژ بکرێتەوە.

رۆژى 3ـى نیسانى 2023، هێڵى فڕۆکەوانى تورکیا، فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى  لە راگرتنى سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى هێڵى فڕۆکەوانى تورکى بۆ فڕۆکەخانەکە ئاگادار کردەوە، دواتریش حکومەتى تورکیاش بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانی بکات. وا ساڵێکیش تێدەپەڕێت بەسەر ئەو قەدەغەیە و هیچ گەشتێک لە نێوان سلێمانى و تورکیا ئەنجام نەدراوە.

سەرەتا بۆ ماوەى مانگێک گەشتەکان راگیران، بەڵام دواتر دوو جاریکى دیکە گەشتەکان درێژکرایەوە، لە جارى یەکەمدا بۆ 10ـى تەموزى 2023 و  لە جارى دووەمیش بۆ 22.6.2024 قەدەغەکە درێژکراوەتەوە.

دووەمجارە بەهۆى دۆخى سیاسیی و ئەمنییەوە، توركیا گەشتەكانی لەگەڵ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رادەگرێت.

پێشتر لە 29.9.2017، تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانى بەڕووى هەردوو فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر و سلێمانیدا، داخست، دواتر لە تەمووزی 2018 توركیا گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەی هەولێری هەڵگرت، بەڵام گەمارۆى سەر فڕۆکەخانەى سلێمانى درێژکرایەوە و 16 مانگ دواتر قەدەغەکە هەڵگیرا.

بەم شێوەیە لە 2017ـەوە تا ئێستا، جگە لە وەستانى گەشتەکان بەهۆى کۆرۆناوە، 28 مانگ تورکیا ئاسمانى وڵاتەکەى بەڕووى سلێمانیدا داخستووە.

پێشتر بەرپرسانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلیمانى لە میدیاکانیان راگەیاندبوو، بەهۆى وەستانى گەشتەکانى تورکیا 36%ـى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى کەمیکرد و رۆژانە 15 هەزار دۆلار زیانى هەبووە.

"له‌ سلێمانی بۆ تورکیا" پاس ده‌بێته‌ به‌دیلى فڕۆكه‌؟

گەشتی هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ تورکیا 50% کەمیکردووە

گەشتی هاوڵاتیانی سلێمانی بۆ تورکیا 50% کەمیکردووە

پارێزگاری سلێمانی: وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا...

پارێزگاری سلێمانی: وەستانی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا گۆڕان بۆ دەرفەت