ژمارەیەک کۆڵبەر لەناو زنجیرە شاخێکدا دەردەکەون - وێنە: ئاژانسەکان
لە مانگی سێدا
13 کۆڵبەر کوژراون و 76ـی دیکەش بریندار بوون
964+
پێشەوا محەمەد
بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی سێی ئەمساڵدا 13 کۆڵبەر کوژراون و 78ـی دیکەش بریندار بوون.
رێکخراوەکە، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات بڵاویکردووەتەوە، هۆکاری زیاتر لە 60 حاڵەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرەکان تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەو ژمارە کۆڵبەرە لانی کەم منداڵێکی کۆڵبەری خەڵکی دیواندەرە بەناوی هەستیار عەبدولکەریمی، بەهۆی رەقهەڵاتن گیانی لەدەستداوە و پێنج منداڵی کۆڵبەریش بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی بانە، نەوسوود، سەقز و مەریوان بریندار کراون.
ئەوەش هاتووە؛ زیاترین کۆڵبەرانی کوژراو یان بریندار، کە 44 حاڵەت بووە لە سنوورەکانی پارێزگای سنە تۆمارکراون.
لە هۆکارەکانی تری کوژران و برینداربوونی کۆڵبەرەکان بریتی بوون لە؛ 16 کەوتوونەتەخوارەوە و دوو حاڵەتی رەقبوونەوە و چوار حاڵەت بە تەقینەوەی مین و سێ حاڵەتی رووداوی هاتوچۆ و حاڵەتێکی جەڵدەی دڵ و چەند هۆکارێکی تر هەبوون.
“پارێزگای کرماشان و سنە و ئورمییە ئەو پارێزگایانەن، کە زۆرترین کۆڵبەر تێیاندا کوژراون و بریندار کراون”، راگەیەندراوەکەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وادەڵێت.