ساغکردنەوە
راستە شاخی هندرێن شەقی بردووە؟
964+
ئاکام غەفور – رواندز
ماوەی دوو رۆژە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئیدارەی سۆران پارچە ڤیدیۆیەک بڵاو بووەتەوە، گوایە شاخی هندرێن درزێکی گەورەی بردووە، بەڵام دەرکەوت شاخەکە هیچ بەسەر نەهاتووە.
964 سۆراغی بابەتەکەی کردووە، لەگەڵ چەند کەسێک قسەی کرد کە سەردانی شاخەکە دەکەن، دەرکەوت بابەتەکە راست نییە.
چیای هندرێن دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای قەزای رواندز، یەکێکە لەو شاخانەی لە وەرزی بەهار خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن بە مەبەستی هێنانی گژوگیای بەهارە.
دیاری رسوڵ، هاوڵاتییەکی سۆرانە و دوێنێ سەردانی ئەو شوێنەی کردووە، بە 964ـی وت، “ساڵانە سەردانی چیای هندرێن دەکەم، پارچە ڤیدیۆیەکم بینی کە شاخەکە درزێکی گەورەی بردووە، دوێنێ چوومە شاخەکە و بینیم شاخەکە شەقی نەبردووە، ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، رێگای هاتوچۆی ئاژەڵ و ئەو کەسانەیە، کە بەوێدا تێدەپەڕن”.
وتیشی، بەهۆی ئەوەی هاتوچۆ بەو شوێندا کراوە، لە ماوەی رابردووشدا بارانی زۆری تێدا باریوە، لەو شوێنە گژوگیا سەوز نەبووە، ئەمەش وادەردەکەوێت کە شوێنەکە شەقی بردبێت، بەڵام راستییەکەی هیچ شتێکی وا رووینەداوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی