دەروازەی پارکی هەواری شار - وێنە: پەیجی پارکەکە لە فەیسبووک
دەیانەوێت جوان دەربکەوێت
پارکی هەواری شار پاک دەکرێتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
هەڵمەتی پاککردنەوەی هەواری شار راگەیەندرا و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، دەیانەوێت بۆ وەرزی هاتنی هاوڵاتیان بۆ پارکەکە سیمایەکی جوانی هەبێت.
پێشتر پارکەکە چەند چاکسازییەکی تێدا کرا، شەش سێتی تەوالێتی نوێی تێدا دروستکرا و هەر شوێنێک شۆستەکەی خراپ بووبوو چاک کرایەوە، هەروەها سیاجی پارکەکەش گۆڕانکاریی تێدا کرا.
فەرەیدوون عومەر، بەڕێوەبەری پارکی هەواری شار بە 964ـی راگەیاند، لەو هەڵمەتەدا پیسی و پاشەڕۆکانی ناو پارکەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا پاک دەکرێتەوە.
وتیشی، “جگە لە پاککردنەوەکە، چیمەنەکانی پارکەکە دەبڕین و ئاوەڕۆکان پاک دەکەینەوە و مزەخەی بیرەکانیش کار پێدەکەین تا فوارەکان کار بکەن و دیمەنێکی جوان بە پارکەکە بدەن”.
پاركی هەواری شار، لە سەر رووبەری چوار هەزار و 400 دۆنم زەوی دروست كراوە، دەكەوێتە باكووری رۆژئاوای شاری سلێمانی.
ئەمساڵ پارکەکە زیاتر لە دوو هەزار نەمامی تێدا رووێندراوە، بە وتەی بەڕێوەبەری پارکەکە، سیستمی ئاودێریی پارکەکەیان گۆڕیوە و دوو خەزانی نوێی ئاویشیان بۆ نەمامە نوێکان دابین کردووە.