دەبێتە ئەلیکترۆنی
لە نەخۆشخانەی دوزخورماتوو بەبێ ماستەر کارت پسوڵەت نادەنێ
964+
سیروان خورشید- دوزخورماتوو
لە سبەینێوە پسوڵەی نەخۆش لە نەخۆشخانەی گشتی دوزخورماتوو دەبێتە ئەلیکترۆنی و لە رێگەی ماستەرکارتەوە دەبێت.
بڕیارەکە هاوڵاتیانی نیگەران کردووە و دەڵێن بڕیارەکە زۆر کتۆپڕانە بووە و پێیان وانەبووە دستبەجێ ئەم بڕیارە دەربکرێت، داوادەکەن لەئێستادا ئاسانکاری بۆ نەخۆش بکرێت چونکە تائێستا زۆرینەی خەڵک بێ ماستەر کارتن.
شوان عەبدولڕەحیم، وتەبێژی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو بە 964ی وت، بڕیارەکە لە وەزارەتی تەندروستی عێراقەوە دەرچووە و ئاگادار کراونەتەوە کە لە بەرواری 1.4.2024 جێبەجێدەکرێت و ئەوانەی سەردانی نەخۆشەخانە دەکەن، دەبێت ماستەرکارتیان دەرهێنابێت بۆ ئەوەی بتوانن پسوڵەی نەخۆش و دەرمان بەشێوەی ئەلیکترۆنی وەربگرن.
وتیشی، ئەوانەی کە تا ئێستا ئاگادارنین لە کاتی سەردانیان جاری یەکەم ئاسانکاریان بۆ دەکرێت بەڵام ئاگادار دەکرێنەوە بۆ جارەکانی تر دەبێت ماستەرکارتیان دەرهێنابێت.
لە سنوری قەزای دوزخورماتوو نەخۆشخانەیەکی گشتی و چوار مەڵبەندی تەندروستی و 26 بنکەی تەندروستی و یەکەیەکی چاودێری هەیە، لەئێستادا بڕیارەکە تەنها لە نەخۆشخانەی گشتی قەزاکە جێبەجێ کراوە، لە 1.5.2024ـیش لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی دیکە جێبەجێ دەکرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش