ناوبازاڕی سلێمانی. وێنە :964
بێ موچەیی هۆکارە
بۆ ئەم جەژنە جلوبەرگی منداڵ هەرزانە بەڵام کڕیاری کەمە
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
دوکاندارانی فرۆشیاری جلوبەرگی منداڵ لە ناو بازاڕی سلێمانی دەڵێن، نرخی جلوبەرگی منداڵ ئەمساڵ هەرزانترە، بەڵام کڕیاریان زۆر کەمە.
بەهۆی نزیکبوونەوە لە جەژن خێزانەکان جلوبەرگ بۆ منداڵەکانیان دەکڕن، بەڵام دواکەوتنی دابەشکردنی موچە وای کردووە ئەمساڵ کەمتر جلوبەرگ بۆ منداڵ بکڕدرێت.
ناسکە قادر، ژنێکی تەمەن 42 ساڵ بوو لە دوکانێکی جلوبەرگی منداڵ لە سلێمانی، ئەو لەکاتێکدا دوو منداڵی شەش ساڵ و هەشت ساڵی لەگەڵدا بوو بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ ناتوانێت وەک پێویست جلوبەرگ بۆ منداڵەکانی بکڕێت بۆ جەژن.
وتیشی، “بەنیازم هەریەکەیان یەک پارچەی نوێیان بۆ بکڕم و هیچی تر، نە دەتوانم پێڵاویان بۆ بکڕم نە قاتێکی تەواو چونکە وا بڕوات دوو مانگی دیکەش مووچە دابەش ناکرێتەوە”.
بەپێی بەدواداچوونێکی مەیدانی 964 و قسەکردنی لەگەڵ ئەو دوکاندارانەی جلوبەرگی منداڵ دەفرۆشن، سەرجەم جلی منداڵ هەر لە پانتۆڵ تا عەزی و بلووس و قات لە نێوان پێنج بۆ هەشت هەزار دینار نرخیان لە چاو ساڵی رابردوو دابەزیوە.
داستان فارس، خاوەنی دوکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگی منداڵ لەناو بازاڕی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەمساڵ بازاڕ تەنانەت لە چاو ساڵی رابردووش زۆر خراپە لەکاتێکدا ئەمساڵ نرخی جلوبەرگ بەراورد بە ساڵی رابردوو هەرزانترە”.
وتیشی، “هۆکارەکەی ئەوەیە موچە نادرێت و ئەوەی دراویشە هاوڵاتیان و فەرمانبەران نایانەوێت بێنە بازاڕ و خەرجی بکەن، دەترسن دوو مانگی تر موچەی دیکە وەرنەگرن”.
964 تێبینی ئەوەی کرد دوکانەکانی فرۆشتنی جلوبەرگی منداڵ قەرەباڵغن، بەڵام داستان فارس وتی، “ئەوە ئێستا موچە دابەشکراوە بۆیە وایە، بەڵام بۆ نموونە ئەمڕۆ من لە هەر 20 موشتەریەک کە هاتووەتە دوکانەکەمەوە و پرسیاری کردووە دانەیەکیان پارچەیەکی کڕیوە، ئەو قەرەباڵغییە مەرجی زۆرفرۆشی نییە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی