دوا ئەزموونی کەشە ساردەکەیە
پێشبینیکارێک: نزیک لە جەژن بارانبارین دەستپێدەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
پێشبینیکارێکی کەشوهەوا پێی وایە، خەڵک لە هەرێمی کوردستان ئەزموونی دوا کەشی فێنک و سەرما دەکەن و دەڵێت، لە سەرەتا و ناوەڕاستی مانگی نیسان بەهۆی نزمە پەستانێکەوە، بارانبارین لە ژمارەیەک ناوچە دەستپێدەکات.
چاوەکان لەسەر ئەوەن رۆژی 10.4.2024 یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان بێت لە هەرێمی کوردستان، پێشبینیی ئەو پێشبینیکارە وایە لە دەستپێک و پاش جەژنیش باران ببارێ.
پێشبینی کەشناسی هەرێمی کوردستان وایە، ئەم هەفتە و تا گەیشتن بەو وادەی باران بارینە، بەهۆی ئەوەی چەند بەرزە پاڵەپەستۆیەک هەتا نزیکی جەژن روو لە ناوچە جیاوازەکان دەکەن، پلەکانی گەرما بەرزبکاتەوە، ئەمڕۆ 30.3.2024 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەمڕۆ شەممە و سبەیش، پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ و مامناوەند دەبێت.
محەمەد کەمال، پێشبینکاری کەشوهەوا بە 964ی وت، کاریگەرییەکەی ئەوەیە کە کەشوهەوا بەسەقامگیریەکی درێژدا تێدەپەڕێت لە رووی دابارینەوە وە پلەکانی گەرما وردە وردە لەگەڵ هاتنی مانگی نیسان، روو لە بەرزبونەوە دەکەن بەهۆی هاتنی تۆپەڵە هەوایەکی گەرمەوە.
بەڵام، نەوەک گەرمای تاقەت پڕووکێن بەڵکو و تەنیاا بەرزبوونەوەیەکی وەرزی و ئاساییە، کە ئەوەش کۆتا هەناسەکانی وەرزی سەرمایە و ئەزموونی دەکەین، هەرەک ئاسمان زۆرینەی کات ساماڵ دەبێت لە رۆژدا وە لە شەودا و بە تایبەت نیوە شەو و بەرەبەیان هەست بە سەرما دەکرێت، محەمەد کەمال وا وت.
پێشبینی ئەوەش دەکات، لە سەرەتا و ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە، نزیک جەژنی رەمەزان و دوای ئەوەش شەپۆلێکی باران و نزمە پەستانی باش و کاریگەر ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە، لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانکارییە بەردەوام و زۆر خێراییەی کە لە نەخشەکاندا روودەدات بەهۆی سروشتی وەرزەکەوە کە وەرزی بەهارە.