لیژنە پێکدەهێنرێت بۆ زانینی هۆکارەکەی
تیمێک هەر لە شوێنی ئاگرەکەی دوێنێ شەوی هەولێر ماونەتەوە
964+
توانا نەقی
دوێنێ چوارشەممە لەسەر لە ئێوارەوە ئاگرێکی گەورە لە سەر رێگای هەولێر – کەرکوک کەوتەوە و دواى نزیکەى سێ کاتژمێر کۆنترۆڵکرا
ئاگرەکە شەش کۆگاى پاککەرەوەى لە نزیک گوندی مورتکە سووتاند و زیانێکی زۆری مادیشی لێکەوتەوە
بەینای ئەمڕۆ پێنجشەممە، کاروان میراودەلى وتەبێژى بەرگرى شارستانى هەولێر بە 964ـى وت، 10 تیمان گەڕاونەتەوە و یەک تیم لە کۆگاکان بەجێهێڵدراوە نەوەک پاشماوەی ئاگر دروستببێتەوە و هەرچەندە مەترسی نەماوە.
وتیشی کۆگاکان هیچ سیستمێکی سەلامەتی تیادا نەبووە و ئەوەی هەبووە تەنیا ئامێرە دەستییەکان بوون، بۆیە کەرەستەکانیش لەو کەرەستانە بوون کە خێرا ئاگر دەگرن و لە ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێردا توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.
تائێستا هۆکارى کەوتنەوەى ئاگرەکە دەستنیشان نەکراوە، بەڵام بەپێى زانیارییە سەرەتایى و نافەرمییەکان زیانە مادییەکان بە دوو ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن و لیژنە پێکدەهێنرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.