لۆگۆی سیستمی بانکیی هەژماری من
سبەینێ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە
دوو پەرلەمانتاری عێراق بۆ 964: هێشتا “هەژماری من” دانی پێدانەنراوە
964+
توانا نەقی
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە دادگای فیدراڵی و حکومەتی عێراق دانی بە پرۆژەی “هەژماری من” بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناوە، دوو پەرلەمانتاری عێراق ئەوە رەتدەکەنەوە.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە 964ـی وت، ئەمڕۆ لیژنەیەکی “هەژماری من” هاتوونەتە بەغدا کۆبوونەتەوە و تەنیا روونکردنەوەیان داوە لەسەر پرۆژەکە و هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە.
وتیشی، ئەوان چوونەتە لای بانکی مەرکەزی لە کاتێکدا دەبێت دادگای فیدراڵی ئەو بابەتە یەکلابکاتەوە و کە پێشتر بڕیاری لەسەر داوە و رەتی کردووەتەوە.
لای خۆیەوە کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ 964 وتی، ئەمڕۆ وەفدێکی “هەژماری من” بە مەبەستی خستنەرووی وردەکاری پرۆژەکەیان، هاتنە ئەنجومەنی نوێنەران، پێمان راگەیاندن، پرۆژەی “هەژماری من” دوو کێشەی گەورەی هەیە، کە چارەسەرکردنیان ئەستەمە.
وتیشی، یەکەم کێشەی یاساییە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی “تەوتین” لە رێگای بانکە فیدرالییەکانەوە دەکرێت واتا (TBI، رەشید، رافیدەین) نەک بانکی دیکە.
دووەم “متمانەی خەڵک، بەشێكی موچەخۆرانی هەرێم ئەم پرۆژەیە رەت دەکەنەوە، لە پرۆسەی بانکیدا متمانە لە نێوان بەشداربوو و بانک زۆر گرنگە و موچەخۆر هەقی خۆیەتی بتوانێت چ بانکێک هەڵبژێردێت”.
ئەوە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەینێ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و هەر ئەمڕۆش سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، سبەینێ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارێک دەدەن، کە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبێت.
پرۆژەی “هەژماری من” کە لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە دانراوە و لە رێگەی چەند بانکێکەوە کە بەشدارییان کردووە، فەرمانبەران دەتوانن موچەکانیان وەربگرن، ئەم پرۆژەیە لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە رەتکرایەوە و لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق دەڵێت، دەبێت لە رێگەی “تەوتین” و بانکەکانی رەشید و رافیدەین و TBI فەرمانبەران موچە وەربگرن.