خواستی زۆر لەسەرە

کارەبای پێنجوێن بەردەوامە لە بڕین

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

تا ئێستا کێشەی بڕانی کارەبای قەزای پێنجوێن بەردەوامە لە هەفتەیەکدا لانیکەم چوار رۆژ دەبڕێت و خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ زیاتر لە هەشت مێگاوات بەرزبووەتەوە.

سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی کارەبای قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە هاوڵاتیان کارەبا بەکاردەهێنن وەک جێگرەوە و بەو هۆیەوە ئێستا بەکارهێنانی کارەبای پێنجوێن گەیشتووەتە نزیکەی 40 مێگاوات و ئەوەش رێژەیەکی زۆر بەرزە بۆ قەزایەکی وەک پێنجوێن.

وتیشی، لە ساڵی 2015ـەوە کە وێستگەی نوێی کارەبای پێنجوێن کرایەوە، تا ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن مێگاوات کارەبا بەکارهاتووە چونکە لە پێنجوێن کارەبای 24 کاتژمێری هەیە و ئەوە لە جێگاکانی دیکە نییە.

ئەو سەرچاوەیە لەبارەی بڕینی کارەبای قەزای پێنجوێنەوە ئاماژەی بەوەکرد، بڕینی کارەبا بۆ ماوەی سێ یان چوار کاتژمێر لە رۆژێکدا زۆر زۆر ناچارییە و بە تەواوی فشار دەکەوێتە سەر وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و ئەگەر کارەبا نەبڕدرێت بە ئەگەری زۆرەوە شەتداونی گشتی روودەدات و لەو کاتەشدا رەنگە بە دوو رۆژ نەتوانرێت کارەبا هەڵبکرێتەوە.

پێشتریش، زانا رەحمان قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، بڕینی کارەبای پێنجوێن ناچارییە و ئاخر جێگایە کە دەست بۆ بڕینی کارەباکەی دەبرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

هەوڵی جیاواز بۆ چارەسەری کێشەی بچڕانی کارەبای پێنجوێن ...

هەوڵی جیاواز بۆ چارەسەری کێشەی بچڕانی کارەبای پێنجوێن دەدرێ