پاککردنەوەی یەکێک لە کۆڵانەکانی بازیان دوای لافاوەکەی هەفتەی رابردوو - وێنە: پەیجی قەزای بازیان
پێویستی زۆری بە قیرتاوکردنە
10 ساڵە هیچ پڕۆژەیەک لە بازیان جێبەجێ نەکراوە
پێشەوا محەمەد
ماوەی 10 ساڵە هیچ پڕۆژەیەک لە ناوەندی قەزای بازیان جێبەجێ نەکراوە، سەرۆکی شارەوانییەکەی دەڵێت، چەندان پڕۆژەی گەورە و بچووکیان پێویستە.
بەشێکی بەرچاوی گەڕەکەکانی بازیان قیرتاوکردنی پێویستە، کە بە وتەی سەرۆکی شارەوانییەکەی گەورەترین داواکاریی دانیشتوانی بازیانە، بەڵام تا ئێستا بۆیان جێبەجێ نەکراوە.
نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی بازیان بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژەیەکی قیرتاوکردن بۆ بازیان دەرچوو، بەڵام کاری تێدا نەکرا و تا ئێستاش چاوەڕوانن جێبەجێ بکرێت.
وتیشی، “گەڕەکەکانی پێشەوا و ئاشتی بە تایبەتی و ئەوانی تریش، کە زۆر کۆنن، پێویستیان بە قیرتاوە، چونکە زستانان زۆر نەگونجاوە”.
لە هاوینی ساڵی رابردوودا دانیشتووانی چەند گەڕەکێکی بازیان دوای بێئومێدبوونیان لە قیرتاوکردنی کۆڵانەکانیان، خۆیان لەسەر ئەرکی خۆیان چەوڕێژیان کردن.
سەرۆکی شارەوانیی بازیان دەشڵێت، “چەند پڕۆژەیەکی بچووک دروستکران ئەوانیش وەستاون و کاریان تێدا ناکرێت، ئێمەش بەردەوام داواکاریی پڕۆژەمان بەرز کردووەتەوە و وەڵام نادرێینەوە”.