130 كیلۆگرام گه‌نمیان بۆ دابین كردوون

ژینگه‌دۆستانى هه‌ریر شوێن بۆ كۆتره‌كانى سه‌ر رێگاى گشتى دروستده‌كه‌ن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ژماره‌یه‌ك ژینگه‌دۆستى قه‌زاى هه‌ریر شوێنێكی تایبه‌تیان بۆ كۆتره‌كان له‌سه‌ر رێگایه‌كى گشتى دروستكردووه‌ و ئه‌ركى به‌خێوكردنیشیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌ستۆى خۆیان.

شوێنى كۆتره‌كان كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر رێگاى شێخ پیرباڵ كه‌ له‌ باتاسه‌وه‌ ناوه‌ندى قه‌زاى هه‌ریر و لۆفه‌كانى سپیلك به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌.

مامۆستا غازى باتاسی، ژینگه‌دۆست و سه‌رۆكى رێكخراوى هەریر و باتاس بۆ هاوکاری مرۆیی به‌ 964ـى وت، ماوه‌یه‌كه‌ ئه‌و شوێنه‌یان بۆ ئه‌م كۆترانه‌ دروست كردووه‌ و ئه‌مڕۆش 130 كیلۆگرام گه‌نمیان بۆ دابین كردوون.

هه‌مان پڕۆژه‌شیان بۆ كۆتره‌كانى سیده‌كان دروستكردووه‌.

وتیشی “ئه‌و شوێنه‌ى بۆ كۆتره‌كان دروستكراوه‌ كه‌وتووه‌ته‌ سه‌ر رێگاى گشتى و ئه‌و خه‌ڵكه‌ى هامومشۆى پێداده‌كات ئه‌و كۆترانه‌ ده‌بینن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دروستكردنى شوێنى كۆتره‌كان له‌سه‌ر ئه‌م رێگایه‌ وایكردووه‌ خه‌ڵك له‌ شوێنه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌ریر كۆتر بهێنن و له‌و شوێنه‌ دایبنێن.

پێشتر ژماره‌ى كۆتره‌كان كه‌م بوون، به‌ڵام ورده‌ورده‌  ژماره‌یان زیاد ده‌بێت و ئێستا زیاتر له‌ 20 كۆترى لێیه‌.