بۆ خاوێنکردنەوەیە
ژینگەپارێزانی سێ قەزا دەچنە ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دهۆک
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
سێ کاروانی ژینگەپارێزی لە هەرسێ قەزای بەردەڕەش، ئاکرێ و شێخان بەرەو دهۆک بەڕێدەکەون بە هەموو کەرەستەکانیانەوە، تا بەشدارببن لە خاوێنکردنەوەی پاشماوەی لافاو و ئەو کۆڵانەکانی دهۆک کە زیانیان بەرکەوتووە.
کارمەندەکانی هەرسێ قەزاکە، سبەینێ شەممە کاتژمێر 9:00 بەرەو پاێزگای دهۆک بەرێدەکەون و 13 تانکەر و دوو ئۆتۆمبێلی فڕیدانی خۆڵ و خاشاکیان ئامادەکردووە.
بڵند رەزا، سەرۆک شارەوانی ئاکرێ بە 964ی وت، بەیانی کارمەندەکانی ژینگەپارێز، لە هەرسێ قەزای ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان کە ژمارەیان 45 کەسن بە 13 تانکەر و دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر، بەشدار دەبن لە خاوێنکردنەوەی ئەو کۆڵانانەی زیانیان بەرکەتووە لە دهۆک.
وتیشی، ئەم هەڵمەتە لە ژێر سەرپەرشتی سەرۆکایەتی گشتی شارەوانی دهۆک بەڕێوەدەچێت، و بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو شوێنانەی زیانیان بەرکەوتووە هەمووی خاوێن دەکرێنەوە، و هەرکاتێک پێویستیان بە ژمارەی کارمەندی زیاتر و ئامێری زیاتر بێت ئامادەین بۆیان بنێرین.
بەرەبەیانی رۆژى 19.3.2024 شەپۆڵێکی بەهێزی بارانبارین شاری دهۆکی گرتەوە دەیان ماڵ ئاوی تێچوو، لافاو لە چەندین ناوجە و گەڕەک دروستبوو، بەهۆی دروستبوونی لافاو دوو کەس لە تونێلەکەی گەڕەکی نزارکێ ئاو بردنی و تا ئێستاش بێسەروشوێنن.
ئەو دوو کەسە بە رەگەز عەرەبن و تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 40 ساڵیدایە، پیشەی ئەوان کرێکاری بووه لە دهۆک.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا