بێ بەرامبەر
رۆژانە خواردن پێشکەشى 700 کەس لە لێقەوماوانى لافاوەکەى دهۆک دەکرێت
964+
وریا فەتاح
رۆژانە سێ ژەم خواردن پێشکەش بە لێقەوماوانى لافاوەکەى دهۆک دەکرێت کە لە 11 هۆتێلدا جێگیرکراون.
خەیرى عەلى، بەڕێوەبەرى گشتىی گەشتوگوزارى دهۆک بە 964ـى وت،”سەرجەم لێقەوماوانى لافاوەکەمان لە 11 هۆتێلدا کۆکردووەتەوە و هەموو پێداویستییەکی رۆژانەیان پێشکەش دەکرێت”.
لەبارەى ئەو ژەمانەى پێشکەش بەو کەسانە دەکرێت، خەیرى عەلى دەڵێت: هەرسێ ژەمەکە بێ بەرامبەر خواردنیان پێشکەش دەکرێت، بەڵام بۆ ژەمى نیوەڕۆ تەنیا دەدرێت بەو منداڵان و ئەو کەسانەى تواناى رۆژوو گرتنیان نیە، بەڵام لە ئێوارەدا هەمووان لێى سودمەند دەبن.
ژەمە خواردنەکان بە هاوبەشى لە نێوان خێرخوازان و بەڕێوەبەرایەتى کۆچ و کۆچبەرانى دهۆک پێشکەش دەکرێت.
وەک ئەوەى بەڕێوەبەرى گشتى گەشتوگوزارى دهۆک باسى دەکات، خێرخواز هەبووە ژەمى 500 کەسى گرتووەتە ئەستۆى خۆى.
700 کەس کە لە ژمارەیەک خێزان پێکهاتوون، بەهۆى لافاوەکەى چەند رۆژى رابردووى دهۆک بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە هۆتێلەکانى دهۆک جێگیرکراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەى قۆناغى یەکەمى قەرەبووکردنەوەى زیان لێکەوتووان، دوێنێ 117 شوقە بەسەر لێقەوماوانى دهۆکدا دابەشکرا و حکومەتى عێراقیش ئامادەیى دەربڕیووە هاوکارى پێویستى لێقەوماوان بکات و قەرەبوویان بکاتەوە.