ئاگاداربن
لە ترسى لافاو رێگاى سەرەکى کانى ماسێ و گوندەکانى داخران
964+
هێڤى دێوالى – دهۆک
بەهۆی باران بارین و لافاوەوە، لە سنووری قەزای ئامێدی رێگای ناحیەی کانی ماسێ و چەندین گوند داخران.
ئەو رێگایانەى داخراون ئەمانەن، رێگاى گەلى دیهێ بۆ سەرى بانگا کە 15 گوندى لەسەرە، هەروەها رێگاى کانى ماسێ کە نزیکەى 72 گوندى لەسەرە.
وارشین سلێمان، قایمقامی قەزای ئامێدی بە 964ـى وت،”لە ناوچەی گەلێی دیهێ و ناحیەی کانی ماسێ، رێگاوبانەکان داخراون، بۆیە هیوادارین هاووڵاتیان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ئەو رێگایانە بەکارنەهێنن”.
بە وتەى رێدیر سلێمان، بەپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رێگاوبانی دهۆک کە بۆ 964 قسەى کردووە، بەهۆی لافاوەوە رێگای سەرەکی ناحیەى کانى ماسێ و گوندەکانى داخراون و زۆربەى رێگاکانى سنورەکەش بەبەرد و قوڕ و لیتە گیراون.
هەرچەندە تیمەکانى رێگاوبان لە ئێستادا سەرقاڵى پاککردنەوە و چاککردنەوەى ئەو رێگایانەن، بەڵام بەوتەى رێدیر سلێمان، نازانرێت کەى هاتووچۆ ئاسایى دەبێتەوە.
964 زانیویەتى، لەسنووری پارێزگای دهۆک 13 تیمی رێگاوبان سەرقاڵى پاککردنەوەى رێگاکانى سنورەکەن.
کانى ماسێ ناحیەیەکى سەر بە قەزاى ئامێدیە و 72 گوند دەکەونە سنوورى گوندەکە.