مه‌سروور بارزانی نه‌وتی سپی له‌گه‌ڵ خۆی هێنایه‌وه‌ كوردستان

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌ به‌دیهاتووه‌كانی سه‌ردانی مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، دابینكردنی نه‌وتی سپی بووه‌ بۆ هاوڵاتیانی كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر ناردنی 50 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دراوه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه‌ كۆپییه‌كی بۆ 964+ نێردراوه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، بڕی 50 ملیۆن لیتر نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین كراوه‌ و به‌سه‌ر هه‌ر چوار پارێزگای هه‌رێمی كوردستان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان دابه‌ش ده‌كرێت.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریش له‌ لای خۆیه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، هه‌ر ئه‌مڕۆ ئێواره‌ 144 هه‌زار لیتر نه‌وتی سپی گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان.