سوودی زۆرە
هەر کیلۆیەک برۆکلی زیاتر لە دوو هەزار دیناری چووەتەسەر
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
لەناوشاری سلێمانی هەر کیلۆیەک برۆکلی زیاتر لە دوو هەزار دیناری چووەتەسەر و ئێستا نرخی کیلۆیەک بە چوار هەزار دینارە.
پێشتر نرخی کیلۆیەک بە هەزار و 500 بۆ دوو هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەو شێوە بەرزبووەتەوە.
زانا ساڵح، کە دوکانی سەوزە و میوەی هەیە لەناو شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پێشتر برۆکلی ناوخۆ هەبوو و نرخەکەی کەم بوو، بەڵام ئێستا برۆکلی ناوخۆیی نەماوە و گران بووە.
وتیشی، “بەهۆی ئەوەی گران بووە هاوڵاتیان کەم دەیکڕن و ئێمەش وەک دوکاندار کەم کەم دەیهێنین بۆ ئەوەی خەسار نەبێت”.
برۆکلی یەکێکە لە سەوزەکان، بەهایەکی بەرزی خۆراکی هەیە، چونکە بڕێکی زۆر ریشاڵی خۆراکی تێدایە، بە ڤیتامین C دەوڵەمەندە، بڕێکی بەرچاو لە پۆتاسیۆم و ڤیتامین B6 و Aى تێدایە. ئەوە جگە لەوەی چەندین رەگەزی دژە هەوکردن و دژەئۆکسێنی تێدایە.
حاجی سەرەوەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی وت، “ئەو برۆکلییەی ئێستا هەیە خۆماڵییە و هاوردەکردنی قەدەغەیە، لە ئێستادا بەهۆی سەرماوە بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمە لە ناوچووە و کەمبووەتەوە ئەوەش هۆکاری گرانبوونیەتی”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی