عێراق یه‌مه‌نی گۆڵباران كرد و سعوودیه‌ش سه‌رنه‌كه‌وت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

هه‌ڵبژارده‌ی عێراق بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌ندا تۆمار كرد و به‌ پله‌ی یه‌كه‌م گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی جامی كه‌نداو، هه‌ڵبژارده‌ی عومانیش هه‌ڵبژارده‌ی سعوودیه‌ی ده‌ركرد.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12ـی كانوونی دووه‌م، له‌ گه‌ڕی سێیه‌می قۆناغی یه‌كه‌می جامی كه‌نداوی 25، هه‌ڵبژارده‌ی عێراق له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا بردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تۆمار كرد و به‌ 5-0 گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌نی برده‌وه‌.

یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی جه‌زع ئه‌لنه‌خله‌ لە بەسڕە ئه‌نجام درا، هه‌ریه‌كه‌ له‌ مسته‌فا نازم، ئه‌مجه‌د عه‌توان، ئه‌یمه‌ن حوسێن 2 گۆڵ و حوسێن عه‌لی گۆڵه‌كانی عێراقیان تۆمار كرد.

به‌م بردنه‌وه‌یه‌ عێراق به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ و به‌ پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بۆ قۆناغی پێش كۆتایی سه‌ركه‌وت، هه‌ڵبژارده‌ی یه‌مه‌نیش دوای سێ دۆڕان، ماڵئاوایی له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ كرد.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌مدا، کە لە یاریگەی ئۆڵمپی مینا کرا، هه‌ڵبژارده‌ی عومان به‌ 2-1 گۆڵ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی سعوودیه‌ی برده‌وه‌ و له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ كردییه‌ ده‌ره‌وه‌.

عومان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 7 خاڵ و به‌ پله‌ی دووه‌م بۆ قۆناغی پێش كۆتایی سه‌ركه‌وت.

له‌ جامی كه‌نداوی 25 له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك دوو تیپ بۆ قۆناغی پێش كۆتایی سه‌رده‌كه‌ون، له‌ قۆناغی پێش كۆتاییشدا یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م یاریی ده‌كات، هه‌روه‌ها دووه‌می كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م یاریی ده‌كات.