لە قەزای شێخان
چەند گەنجێکی خۆبەخش شەقامێکی سەرەکی نۆژەن دەکەنەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
شەقامی سەرەکی قەزای شێخان چاڵوچۆڵی واهەی تێدابوو کە شۆفێرانی بێزارکردبوو هەندێک جاریش ئاستەنگی هاتوچۆی دروست دەکرد.
شەقامەکە بەناو قەزاکەدا دەڕوات و ئێستا شەش گەنج بە خۆبەخشی قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە و لە گیرفانی خۆیان چاڵەکان پڕدەکەنەوە و دەڵێن شوێنی دیکەش پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەبێت نۆژەنی دەکەنەوە.
خالد فەرەج، ئەندامێکی ئەو گروپە خۆبەخشەیە و بە 964ـی وت، “ئەو چاڵانەی پڕمان کردووەتەوە ئەوەندە گەورەبوون تایەی ئۆتۆمبیلیشی تەقاندووە بۆیە لەگیرفانی خۆمان چیمەنتۆ و خۆڵ و بەردمان کڕیوە و نۆژەنمان کردەوە و ئیستا هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە لە شەقامەکەدا.
وتیشی، ئەوان دەزانن کە دۆخی دارایی باش نییە، بۆیە هەر چاڵێک لەسەر شەقامێکی سەرەکی هەبێت ئامادەن لەسەر ئەرکی خۆیان نۆژەنی بکەنەوە و پڕی بکەنەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی