غاز فڕی.. لە سلێمانی 18 هەزاری تێپەڕاند

+964

دیسکی هەولێر

بەهۆی کەمبوونەوەی بڕەکەی، غازی بازرگانی لە سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان گران بوو.

لە سۆراغێکی +964 دەرکەوت، نرخی بوتڵێکی غازی ماڵان لە هەولێر، لە 12 بۆ 13 هەزار دینار تا 17 هەزار گران بووە، لە دهۆکیش لە 11 هەزارەوە بۆ 15 هەزار گران بووە، بەڵام لە سلێمانی 18 هەزاری تێپەڕاندووە.

+964 پەیوەندی بە بریکارێکی دابەشکردنی غازی ماڵان کرد، هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ کەمبوونەوەی ئەو پشکەی وەریدەگرن.

غازی عەبدوڵلا، یەکێکە لە بریکارەکانی دابەشکردنی غاز لە ناحیەی بەحرکە [10 کیلۆمەتر لە سەنتەری هەولێر دوورە] دەڵێ: پێشتر هەفتانە سێ بۆ چوار جار لە کارگەوە غازمان بۆ ئەو ماڵانە دەگواستەوە لەو سنوورەی بۆمان دەستنیشانکراوە، بەڵام هەفتەیەک زیاترە پشکەکەمان بۆ دووجار لە هەفتەیەک کەمی کردووە.

بەدرخان ئەحمەد، کاسبکارێکەو بە کیا دوو تەنییەکەی غازی بازرگانی دەفرۆشێت، قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ: غازی بازرگانی لە هەولێر بووەتە 16 هەزار دینار.

زیاتر وتی “نرخەکە جێگیر نییە، لەنێوان 15 تاوەکو 17 هەزارە، پێشتر ئەو نرخە لەنێوان 12 بۆ 13 هەزار بوو”.

لە سلێمانی، غاز زۆر گران بووەو 18 هەزاری تێپەڕاندووە.

کۆچەر تاهیر، نوێنەری کارگە ئەهلییەکانی غاز لە سلێمانی بە +964ـی وت “غازی بازرگانی بووەتە 18.250 دینار”.

یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەی گران بوونی غاز، بۆ وەرزی سەرماو سۆڵەی زستان و گرانی نرخی نەوتی سپی دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا دابەشکردنی نەوتی سپی نەگەیشتووەتە سەنتەری شارەکان کە دەبوو بەپێی پلانی حکومەت لە مانگی کانونی یەکەمی رابردوو دابەشکرا بووایە، بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری دەوروبەری شارەکانیش نەوتیان وەرنەگرتووە.

هاوکات پەیامنێری +964 لە دهۆک، سۆراغی نرخی غازی بازرگانی کردووەو دەڵێ: لە سەنتەری دهۆک نرخەکە لە 11 هەزارەوە بۆ 15 هەزار گران بووە.

بەپێی سۆراغی +964، تەنانەت غاز لە بەنزینخانەکانیش گران بووە، تا چەند رۆژێک پێش ئێستا لیتری هەر غازێک بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە غاز کار دەکەن، بە 550 دینار بوو، بەڵام ئێستا ئەویش هەڵکشاوە بۆ 720 دینار.