گوایە بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستداوە

هاوڵاتییەکی قەڵادزێ: کاتێک لە خەو هەڵسام هەواڵی مردنم لە فەیسبووک بڵاوکرابۆوە

964+

محەمەد عەلی – قەڵادزێ

لەدوێنێوە خێزانێکی قەڵادزێ لە ماتەمینی و شین و گریان بوون، دوای ئەوەی هەواڵی مردنی کەسێکی نزیکی خانەوادەکەیان لە بەریتانیاوە پێگەیشت، دوای سەروو سۆراغ دەرکەوت بابەتەکە راست نییە.

رووداوەکە چۆن بووە؟

مەهدی رسوڵ برای ئەو هاوڵاتیەیە گوایە گیانی لەدەستداوە بە 964ی وت، “کاتژمێر 4:00 شەو بوو لەسەر سفرەنانمان دەخوارد بۆ پارشێو، بەناوی دوو پەیجەوە نامەممان بۆهات گوایە جەمالی برام بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەستداوە و ئێستا تەرمەکەی لە مزگەوتێکە لەشاری داربین، یەکەمجار دوو پەیجی بەریتانیا بڵاویانکردوەتەوە، دواتر دوو پەیجی قەڵادزێیان تاگ کردبوو، ئەوانیش بێ هیچ سۆراغێک بڵاویان کردبویەوە، بەم نیوەشەوە حاڵەتێکی زۆر ناخۆش لەماڵ دروست بوو، دوای ئەوەی خزم و کەسانمان ئاگادارکردەوە و ئەوانیش پۆلیسی بەریتانیان ئاگادارکردەوە، دەرکەوت راست نییە”.

جەمال رەسوڵ، ئەوکەسەی گوایە بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانی لەدەستداوە قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “حەوت ساڵ دەبێت لە بەریتانیام، ئەو شەوەی هەواڵی مردنم بڵاوکرایەوە، مۆبایلەکەم بێ دەنگ کردبوو چونکە خەوتبووم، تەلەفونێکی زۆرم بۆ هاتبوو، کاتێک زانیم هەندێک پەیج وێنەی منیان داناوە و گوایە بە رووداوی هاتوچۆ مردووم”.

جەمال رەسوڵ ئەوەش دەڵێت: زۆر دڵتەنگی ئەوەم کەسوکارم بەم نیوەشەوە دووچاری ناڕەحەتی زۆر بوون، گریانی زۆر و خەفەتی زۆر، برا و برازاکانم لە لەندەنەوە بەم شەوە بەڕێ کەوتبوون بۆ ئەو شارەی لێی دەژیم، سوپاس بۆخوا من سەلامەتم و هیچ رووداوێکی وا لەژیانمدا رووی نەداوە، ئەوەی کراوە بۆ خاتری لایک و کۆمێنت بووە و هیچ کێشە و ناخۆشییەکمان لەگەڵ کەس نییە، داواکارم پەیجەکان فلتەرێکیان هەبێت و لەخۆیانەوە پۆست نەکەن.

بەریتانیا بۆ هاوڵاتیانی: رەنگە دۆخی عێراق بەبێ هۆشداری...

بەریتانیا بۆ هاوڵاتیانی: رەنگە دۆخی عێراق بەبێ هۆشداری و لەپڕ تێکبچێت