بتڵی غاز
کراوەتە کارت
“مانگانە دوو بتڵی غاز دەدرێت بە هاوڵاتیان”
964+
ژووری هەواڵ
پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، پێدانى غاز بە هاوڵاتیان کراوەتە کارت و مانگانە دوو بتڵ غاز دەدرێتە هەر خێزانێک، دەشڵێت، ئەم هەنگاوە بووەتەهۆى ئەوەى قەیرانى غاز دروستنەبێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر گوتیشى، هەر خانەوادەیەک پێویستیى بە دوو بتڵ غاز زیاتر بوو، دەتوانێت غاز بەنرخى بازرگانى بکڕێت، جەختدەکاتەوە، پلانیان هەیە ئەمساڵ سەرجەم سووتەمەنییەکانى غاز و نەوت و بەنزینى پاڵپشتیکراو بکەنە کۆبۆنێکى ئەلیکترۆنى بۆئەوەى سەرجەم هاونیشتمانییان بتوانن بەشێوەیەکى دادپەروەرانە لێى سوودمەند ببن.
لەبارەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان، پارێزگارى هەولێر رایگەیاند، حکومەتى هەرێمى کوردستان پلانى هەیە یەکەى نیشتەجێبوون بە پارەیەکى کەم و بە قیستى درێژخایەن بۆ کرێنشینان دروستبکات، لەسنورى پارێزگاکەشیان دوو پارچە زەوییان لەنێوان هەردوو شەقامى 120 مەتریى و 150 مەتریى ئامادەکردووە.
گوتیشى، هەرکات پرۆژەکە درایە وەبەرهێنەر، دەتوانێت دەست بەکارەکان بکات.
نزیکەى سێ ساڵە حکومەتى هەرێمى کوردستان دروستکردنى 20 هەزار یەکەى نیشتەجێبوونى بۆ کرێنشینان راگەیاندووە و زیاتر لە 100 هەزار کرێنشین فۆڕمەکانیان پڕکردووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دروستکردنى ئەو یەکانە دەستی پێنەکردووە و تیروپشکیش بۆ ناوى کرێنشینان نەکراوە.