"لافاو دروست دەبێت"
شەپۆلی بارانبارین بەڕێوەیە
964+
توانا نەقی
بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسێک لە دوو رۆژی داهاتوودا شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و زۆرێکی دیکە لە ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە.
سیروان ساڵح شارەزا لە کەشناسی بۆ 964 وتی، بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای سوور، پێشبینیی دەکەن لە درەنگانی ئێوارەی هەینیەوە بەزۆریش کاتەکانی شەو بارانبارین و هەورە بروسکه پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بگرێتەوە.
وتیشی، بارانبارین بەشێوەی ناوبەناو تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت و دواتر کۆتایی دێت، ئەمەش قۆناغی یەکەمی شەپۆلەکەیه ئەگەر هەیە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک نەگرێتەوە.
جگە لەو شەپۆلە، لە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین روو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەکات و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم، سیروان ساڵح وای وت،
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشکرد پێشبینی دەکرێت بڕی ئەو بارانەی لە ئێوارەی هەینییەوە دەبارێت لە سلێمانی بگەتە 15 ملیم و لە گەرمیان لە سەروو 12 ملیمەوە بێت و لە هەڵەبجەش لە نێوان 10 بۆ 20 ملیم ببارێت.