باوەڕپێنەکراو بوو
نەسر ریمۆنتاداى کرد بەڵام شکستى هێنا
964+
وریا فەتاح
هەرچەندە بەرەو ئەوە دەچوو تیپەکەى رۆناڵدۆ بلیتى قۆناغى چوارگۆشەى زێڕینى چامپیۆنزلیگى ئاسیا وەربگرێت، بەڵام خەونى ریمۆنتادا شکستى هێنا و نەسر ماڵئاوایى کرد.
لە یارییەکى دراماتیکى قۆناغى هەشتى چامپیۆنزلیگى ئاسیادا کە یارى گەڕانەوە بوو، نەسڕ میواندارى عەینى ئیماراتى کرد و بە چوار گۆڵ بە رامبەر سێ گۆڵ سەرکەوتنى تۆمارکرد، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنى یارى یەکەم کە عەین بە گۆڵێک براوەبوو، بۆ یەکلایى کردنەوەى ئەنجامەکە پەنابرایە بەر لێدانە یەکلایى کەرەوەکان.
لە لێدانە یەکلایى کەرەوەکاندا نەسڕ شکستى هێنا و ماڵئاوایى لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
هەرچەندە لە یارى گەڕانەوەدا و سەرەڕاى ئەوەى لە گێمى یەکەم عەین دوو گۆڵى تۆمارکرد، بەڵام یاریزانانى نەسڕ لە گێمى دووەمدا ریمۆنتادایان کرد و تا خولەکى 72 سێ گۆڵیان کرد و ئەنجامەکەیان یەکسانە کردەوە.
بۆ یەکلایى کردنەوەى ئەنجامەکە پەنابرایە دوو گێمى زیاد کراو، بەڵام لە خولەکى 103 سوڵتان شامسى، تۆڕى گۆڵى نەسڕى هەژاند و هاندەرانى ناو یاریگاى بێدەنگ کرد، رۆناڵدۆ بەوە رازى نەبوو و لە خولەکى 120 گۆڵێکى تۆمارکرد و ئەنجامى کۆتایى دایە دەستى لێدانە سزاکان.
لە لێدانە سزاکاندا، هەریەک لە برۆزۆفیچ و ئەلێکس تێلێس یەکەم و دووەم لێدانى سزایان بە فیڕۆدا و نەسریان توشى شکست کرد.
هەرچەندە لە گێمى دووەمى کاتى زیادکراودا نەسڕ هەوڵێکى زۆریدا بۆ یەکسانکردنەوەى ئەنجامەکە، بەڵام عەین سەرسەختانە بەرگریان لە تۆڕى گۆڵەکەیان کرد و رۆناڵدۆ و تیمە سعودییەکەیان خستە دەرەوەى پاڵەوانێتییەکە.