بانکی ئیسلامیش هاتە ناو پرۆژەکە
حکومەتی هەرێم: تا کۆتایی ساڵ زیاتر لەملیۆنێک موچەخۆر دەبنە خاوەن هەژماری من
964+
ئەحمەد مستەفا
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا خۆشحاڵی خۆی بەوە دەربڕی، کە بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB – Iraqi Islamic Bank) دەبێتە یەکێک لە بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی (هەژماری من).
کە لە رێگەیەوە مووجەی فەرمانبەر و مووچەخۆران دەدەن، کە بانکە بەشداربووەکانی دیکە بریتین لە بانکەکانی ( BBAC, Cihan, NBI ،RT)، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری بکەن.
تا ئێستا زیاتر لە 240 هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم دروستکراون و زیاتر لە 120 هەزار کارتی بانکی دابەش کراون بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی بەشداری هەژمارەکەیان کردووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هاوبەشیی لەگەڵ بانکەکان، بووەتە هۆی زیادبوونێکی بەرچاوی ئامێرەکانی ATM، ئەو ئامێرەی کە دەتوانرێ لە رێگەیەوە مووچە بە کاش وەربگیردرێت.
هاوکات، لەگەڵ بەردەوامیی پرۆسەی تۆمارکردنی مووچەجۆران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، لە بڵاوکراوەکەیدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە پێی پلانێک تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکومەتی هەرێم تۆمار دەکەن.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان و مووچەخۆران، حکومەت دەشڵێت، هەنگاوێکیشە بۆ رەخساندنی کێبڕکێی تەندروست لە کەرتی بانکی و خزمەتگوزارییە داراییەکان، بانکەکانیش زیاتر پاڵپشتی دەکرێن بۆ زیادکردنی لقەکانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.