33 خێزان سوودمەند بوون

لە بازیان هاوکاری زیانلێکەوتووانی لافاو کرا

964+

ژووری هەواڵ

بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی سلێمانی هاوکاری گەیاندەر خێزانە زیانلێکەوتووەکانی لافاو لە قەزای بازیان.

ئەمڕۆ یەکشەممە 10.3.2024، ئیسماعیل ئەحمەد، قایمقامی قەزای بازیان بە 964ـی راگەیاند، هاوکاری گەیەندراوەتە 33 خێزان کە بەهۆی لافاوەکەی مانگی رابردوو زیانیان بەرکەوتبوو.

هاوکارییەکان پێکهاتوون لە دۆشەک، بەتانی و سەبەتەی خۆراک کە پێکهاتووە لە شەکر، رۆن و برنج.

“ئەم هاوکارییانە قەرەبوو نین، بە نوسراوی فەرمی داوامان لە لایەنی بەرپرس کردووە ئەو 33 خێزانە قەربوو بکرێنەوە”، قایمقامی بازیان وای وت.

جگە لەو 33 ماڵە، لافاو و ئاوی باران چووەتە ماڵی حەوت خێزانی دیکەوە، بەڵام بە وتەی قایمقامی بازیان ئەوان زیانیان بەرنەکەوتووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی سلێمانی، هاوکارییەکان لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لەڕێگەی ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی (THW) بۆ بازیان کۆگاکانی پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆکان دابین کراوە.

پێشتریش 24 ماڵی بازیان کە لە باران و لافاوی هەفتەی پێشوو زیانمەند بوون هاوکاری کران و سەبەتەی خۆراکیان بەسەردا دابەش کرا.

زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بازیان قەرەبوو دەکرێنەوە

زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی بازیان قەرەبوو دەکرێنەوە