هه‌ڵمه‌تى دۆزینه‌وه‌ى تۆڕه‌كان به‌رده‌وامه
ماسیگره‌كانى هه‌ڵه‌بجه ده‌ستیان كه‌شف بووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له‌وه‌ته‌ى بڕیارى قه‌ده‌غه‌ى راوكردنى ماسی له هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوه، ماسیگره‌كانى هه‌ڵه‌بجه له ئاوى سیروان ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ى به نهێنی دانانه‌وه‌ى تۆڕه‌كانیان راوى خۆیان به‌رده‌وام بكه‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسى دارستان و ژینگه‌وه ده‌ستیان كه‌شف بووه و رۆژانه ده‌ست به‌سه‌ر تۆڕه‌كانیاندا ده‌گیرێت.
له‌ماوه‌ى سێ رۆژى رابردوودا ده‌ست به‌سه‌ر نزیكه‌ى 30 تۆڕى ماسیگرتندا گیراوه.
هه‌ڤاڵ محه‌مه‌د سه‌عید، له به‌شی راگه‌یاندنى بەڕێوه‌بەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە، به 964ـى وت، دوایین ده‌ست به‌سه‌رداگرتنى تۆڕه‌كان دوێنێ شه‌ممه بووه كه 18 تۆڕ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه.
وتیشی “تۆڕه‌كان به شێوه‌ى نهێنی له‌لایه‌ن راوچییه‌كانه‌وه له ناو ئاوى سیروان داندرابوونه‌وه و به‌جێیان هێشتبوون”.
تۆڕه‌كان له‌سنووره ئاوییه‌كانى گونده‌كانى جردە ئاسنە، تەوەنەوەل و خری کەوتە دەستیان به‌سه‌رداگیراوه.
رۆژى پێشتریش له‌لایه‌ن بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیروان، له سنوورى گوندى هانە ژاڵە، ده‌ست به‌سه‌ر نۆ تۆڕى دیكه‌ى ماسیگرتن دا گیرابوو.
پێشتر هه‌ڤاڵ به 964ـى وتبوو، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی له‌لایه‌ن چه‌ند تیمێكیانه‌وه خاڵى پشكنین و بنكه‌ى چاودێری له‌سه‌ر ئاوى سیراون داندراون بۆ چاودێریكردنى راوچییه‌كان و هه‌ر به‌له‌م و ماتۆڕێكیش له‌ناو ئاودا ببینن ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرن.
رۆژى 5.3.2024 له هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی راگه‌یه‌ندرا، كه ماوه‌كه‌ى زیاتر له سێ مانگ ده‌خایه‌نێت.