کراوەتە شوێنی گەشتیاری

پۆلیسی ئاکرێ شوێنێکی لە مەیخۆران قەدەغە کرد

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

لە گەڕەکی پشتی رەفایی ئاکرێ رووبەرێکی سەوزایی و داری زۆر هەیە، ساڵانێکە ئێواران ئەو جێگایە دەبوو بە شوێنی ئەو کەسانەی سەرقاڵی خواردنەوەی مادە کهولییەکان بوون، بەڵام پۆلیسی ئاکرێ بە بڕیارێک ئەو شوێنەی لە مەیخۆران قەدەغە کردووە.

عیماد حسێن وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە 964ی وت، ساڵانێک بوو ئەو رووبەڕە سەوزایەی گەڕەکی پشتی رەفایی لە ئاکرێ شوێنی ئەو کەسانەبوو کە مادە کهولیەکانیان دەخواردەوە بەو هۆیەوە بۆ سەیران هیچ خێزانێک نەدەهاتنە ئەو ناوچەیە.

وتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ ئەوەشی وت، ئەم بڕیارە دوای دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی پۆلیسی ئاکرێیە، بڕیاردراوە بە هەموو شێوەیەک ئەو شوێنە لە مەیخۆران قەدەغە بکرێت، چونکە پلانەکە ئەوەیە ئەو شوێنە بەتەواوی بکرێتە شوێنێکی گەشتیاری خێزانی.

پۆلیسی ئاکرێ دوای بڕیاری قەدەغەکردنی مەیخواردنەوە لەو شوێنە، چەند کەسێکی دەستگیرکردووە، ئەمەش بەپێی وتەی عیماد حسێن.

بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزار، لە ئاکرێ دوو یانەی مەیخواردنەوە و یەک فرۆشگای تایبەت بە فرۆشتنی مەی هەیە، پۆلیسی ئاکرێ دەلێت، جگە لەو شوێنانە هیچ شوێنێکی دیکە رێگەپێدراو نییە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

پۆلیسی ئاکرێ شوێنێکی لە مەیخۆران قەدەغە کرد