"کۆمەڵەی زائیدەکان زۆر داوا دەکرێن"
ئەم مانگە لە سلێمانی خوێن بەخشین کەمی کردووە
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی یەک مانگدا لە بانکی خوێنی شاری سلێمانی و نەخۆشخانە حکومی و تایبەتەکان، نزیکەی سێ هەزار بتڵ خوێن راکێشراوە، لەکاتێکدا مانگی یەک رێژەکە نزیکەی چوار هەزار بتڵ بووە.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی، لە رێکەوتی 1.2.2024 بۆ 29.2.2024، پێنج هەزار و 805 هاوڵاتی بە مەبەستی بەخشینی خوێن سەردانی بانکی خوێن و نەخۆشخانەکانیان کردووە و دوو هەزار و 968 بتڵ خوێنیان لێوەرگیراوە.
مانگی ڕابردوو 741 بتڵ خوێن لەنەخۆشخانەی تالاسیما و 414 بتڵ خوێن لەنەخۆشخانەی هیوا و 276 بتڵ خوێن لەنەخۆشخانەی شار و 129 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانەی مناڵبوون و 861 بتڵ خوێن لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان راكێشراوە.
لە ماوەی مانگی رابردوودا لە بانكی خوێن سێ هەزار و 312 پشكنینی هیماتۆلۆجی و چوار هەزار و 27 پشكنینی گروپی خوێن و دوو هەزار و 501 پشكنینی ڤایرۆسات و هەروەها هەزار و 476 جیاكردنەوەی پێكهاتەكانی خوێن ئەنجام دراوە.
بەپێی ئامارەکەی تەندروستیی سلێمانی، مانگی یەک حەوت هەزار و 690 هاوڵاتی بە مەبەستی بەخشینی خوێن سەردانی بانکی خوێن و نەخۆشخانەکانیان کردووە و سێ هەزار و 663 بتڵ خوێنیان لێوەرگیراوە.
بە وتەی کۆچەر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی سلێمانی، کە قسەی بۆ 964 کردووە، ئەو بەرزونزمییە لە بەخشینی خوێن لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە ئاساییە و بەردەوام هەیە.
وتیشی، “خوێنە ناقسەکان کەمن و بە گشتیش کەم داوا دەکرێن، بەڵام بە گشتی داواکاری لەسەر خوێنە زائیدەکان زۆرە”.