دەست بە ئاوەوە بگرن

پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ پەکی کەوت و سبەی ئاو دابەش ناکرێت

964+

محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ

پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێ بە هۆی شکانی بۆڕییەکی سەرەکیی پڕۆژەکە سبەی سێشەممە، ئاو دابەش ناکات و بەڕێوەبەری پڕۆژەکەش دەڵێت، هەوڵ دەدەن بە زووترین کات چاکی بکەنەوە.

مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە پشدەر بە 964ـی وت، چەند رۆژێک بوو بۆرییەکی گەورەی پرۆژەکە تەقیبوو، بەهۆی گەڕانەوەی ئاو لە کاتی کوژاندنەوەی پرۆژەکەدا، فشارێکی زۆر دروست دەبێت بەهۆی ئەوەوە تەقیوە و پێویستە چاکبکرێتەوە، بۆیە پرۆژەکەیان راگرتووە.

وتیشی، “پێویستمان بە رۆژێکی تەواوە بۆ ئەوەی کاری تێدا بکەین، چونکە زۆر گەورەیە، دەبێت بە کرێن هەڵی بگرین و چاکی بکەینەوە، ئینجا دابنرێتەوە، بەوهۆیەشەوە پڕۆژەکە بە تەواوی لەکار دەکەوێت و ئاو دابەش ناکرێت، بەڵام دوو سبەی هەوڵدەدەین بەکاری بخەینەوە و پڕۆژەکە ئاسایی بکەینەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆگاکانمان پڕە لە ئاو، بەڵام بەداخەوە بەشی تەواوی دانیشتووانی قەڵادزێ ناکات، ئەو ئاوەی خەزن دەبێت بە هاوکاری حەوزی ئاوی هەڵشۆ لە گردی حەسار، ئینجا دەتوانرێت ئاو بدرێت بە بەشێک لە دانیشتووانی شار، ئەو ئاوەش فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بە پێی پێویستی ئەوەی کە هەیە، دابەشی دەکات.

964 چەند جارێک پەیوەندی کرد بە بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی قەڵادزێ بۆ زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.

“لە وەرزى زستاندا دانیشتووانى قەڵادزێ رۆژانە پێویستیان بە 20 ملیۆن لیتر ئاو هەیە و لە وەرزى هاویندا خواستەکە بۆ سەروو 30 ملیۆن لیتر بەرز دەبێتەوە” سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاسى قەڵادزێ واى وت.

پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە قەزای قەڵادزێ دابین دەكات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کوشتارگەی قەڵادزێ مۆری نوێی دروستکرد

کوشتارگەی قەڵادزێ مۆری نوێی دروستکرد