کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند
کۆمسیۆن 9 رۆژی بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانی حزبەکان دیاریکرد
964+
فەهمی نەبی
دوای دیاریکردنی رۆژی 10.6.2024 وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆمسیۆنی سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان ماوەی نۆ رۆژی دیاریکرد بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانی نێوان حزبەکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی 5ی ئادار تا ئێوارەی 14ی ئادار وادەی تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانییەکانی لیستەکانە.
هاوکات داوا لەو حزب و لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان کراوە، شوێنی تۆمارکردنی ناوی هاوپەیمانیی لە ئۆفیسی سەرەکی کۆمسیۆن دەبێت لە بەغدا، یان لە ئۆفیسەکانی کۆمسیۆن لە پارێزگاکانی هەرێم.
وێستگەکانی ململانێی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن
رۆژی 23ـی کانونی یەکەمی 2019 وادەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات، بەمەش ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستبوو.
رۆژی 6.11.2022 ماوەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات.
22.5.2023 کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی دادگای فیدڕاڵیدا رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم دەردەبرێت.
دواتر لە مانگی هەشتی ساڵی رابردوودا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 25.2.2024ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کرد.
رۆژی 12.12.2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە خهرجكردنی زیاتر لە 70 ملیار دینار بۆ بهڕێوهچوونی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان و رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی و لافاو لە هەرێم.
رۆژی 3.1.2024 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندووە، ئەو رێکەوتەی کە دیاریکرا بوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 25.2.2024 ناتوانن لەو رێکەوتە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.
رۆژی 16.1.2023 وەفدێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و باسی دیاریکردنی وادەیەکی نوێیان بۆ هەڵبژاردنی هەرێم کرد.
لە هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 700 هەزار کەس بە لە دایکبووانی ساڵی 2006-ەوە دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام تەنیا دوو ملیۆن و 800 هەزار کەس، کارتی بایۆمەترییان دەرکردووە.