له‌ پارێزگاكانى عێراقه‌وه‌ نه‌ده‌هات

رێگرى له‌به‌رده‌م هێنانى ئاسن و سیكراب بۆ هه‌رێم هه‌ڵگیرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

وه‌زاره‌تى پیشه‌سازى و بازرگانى عێراق بڕیاریدا رێگرى له‌به‌رده‌م هاتنى پاشماوه‌ى ئاسن و سكراب بۆ كارگه‌كانى هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبگیرێت و ژوورى پیشه‌سازی سلێمانیش ده‌ڵێت، بڕیاره‌كه‌ دواى كۆبوونه‌وه‌یان بووه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى پیشه‌سازى.

رۆژى 22.2.2024 وەزیرى بازرگانى و پیشەسازی عێراق سه‌ردانى سلێمانى كرد و له‌گه‌ڵ ژوورى بازرگانى كۆبووه‌وه‌، داوای لێكرا بڕیاری راگرتن و سنووردارکردنی گواستنەوەی پاشماوەی ئاسن و سکراب هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ و رێگە بدرێت به‌ گواستنەوەی ئەو کەرەستانە لە نێوان پارێزگاکانی عێراق و هەرێم.

زریان محه‌مه‌د، وته‌بێژى ژوورى بازرگانى سلێمانى به‌ 964ـى وت، یەکێک لەو کێشانەی لەبەردەم کارگەکانی ئاسن و پۆڵادا لە سنووری سلێمانی هەبوو نه‌هاتنى پاشماوه‌ى ئاسن و سكراب بوو كه‌ رێگرى له‌ هاتنى ده‌كرا، ئه‌وه‌بوو بڕیاره‌كه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌.

وتیشی “به‌هۆى نه‌هاتنى ئه‌و مادانه‌ کارگەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆم و مس رووبەڕووی گرفتی گەورە ببونەوە، دەرکردنی ئەو بڕیارە کاری پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەرەو پێش دەبات و هەنگاوێکی گرنگە”.

به‌پێی ئامارێكی فه‌رمى كه‌ 964 له‌ به‌ڕێوه‌بەرایه‌تى گشتى پیشه‌سازى هه‌رێم ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستاندا جگه‌ له‌ كارگه‌كانى تایبه‌ت به‌ ئه‌لمنیۆم و مس، نزیكه‌ى 20 کارگەی شیش و ئاسن هەن و له‌ توانیاندایه‌ شیشی و شێلمانی هەموو هه‌رێم و 70%ـى عێراقیش دابین بکەن.

ته‌نیا لەشاری سلێمانی حەوت کارگەی ئاسن بەرهەمهێنانی شیش‌ و بابەتەکانی ئاسن دروست دەکەن‌ و لە وەبەرهێنانی سلێمانیش سێ کارگەی گەورە تۆمارە كراون، ‎بەشێکی دیکەی کارگەکان کە بەرهەم هێنانیان کەمەو بە کارگەی مامناوەند دەناسرێن لەشاری سلێمانی ژمارەیان چوار کارگەیە و بەرهەم هێنانیان هەیە.

کارگەیەکی شیش و ئاسن دەکرێتەوە کە پشت بە سکرابی ناوخۆ د...

کارگەیەکی شیش و ئاسن دەکرێتەوە کە پشت بە سکرابی ناوخۆ دەبەستێت