"بۆ بازرگانان کار دەکەین"

جوتیارانی باشیک هاواریان لێ هەڵساوە دەڵێن “بەرهەمی پەتاتە لەبازاڕ پارە ناکات”

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

جوتیارانی ناحیەی باشیک هاواریان لێ هەڵساوە و دەڵێن، ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە پارە ناکات و بۆیان ساغناکرێتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەمساڵ لەم سنوورە نزیکەی هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە.

نەزار غازی جوتیارێکی گوندی فازلییەیە لە ناحیەی باشیک بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی پەتاتە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت پەتاتەی ناوخۆ پارە ناکات، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ هیچ پاڵپشتییەکی جوتیاران ناکات، لە عەلوە بۆ هەر کیلۆیەک پەتاتە تەنیا 100 دیناری پێدەدەن، تەنانەت ئەمە بەهای چاندنەکەی نییە.

ئەو جوتیارە ئەوەشی وت، “ساڵانە ئێمە بۆ بازرگانەکان کاردەکەین، لەو کاتەی کە پارە ناکات بازرگانان بەنرخێکی هەرزان لە جوتیارانی دەکڕنەوە، لە کۆگا تایبەتەکانیان هەڵیدەگرن، کەی لەبازاڕ نەما ئەو کات بەنرخێکی گران دەیفرۆشن”.

شاکر یەحیا قاسم بەڕێوبەری چاندنی باشیک بە 964ی وت، هاوکاریکردنی جوتیاران لە ئاستی پێویست نییە، حکومەت پاڵپشتی نییە، بۆیە ئێمە هیچمان پێ ناکرێت، راستە کیمایمان بە نرخێکی هەرزان داوە بە جوتیاران، بەڵام پێویستە حکومەت سیاسەتی کڕینەوەی بەرهەمی جوتیارانی هەبێت.

بەڕێوبەری چاندنی باشیک، پێشبینی دەکات لەو هەزار دۆنم زەوییەی بە پەتاتە داچێندراوە شەش هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمی هەبێت.

ناحیەی باشیک 52 گوندی لەسەرە و ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 60 هەزار کەسە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

ئەمساڵ پەتاتە کەمتر دەچێندرێت

ئەمساڵ پەتاتە کەمتر دەچێندرێت