پزیشکەکان چیان لێهات؟
دوو مانگە نەخۆشخانەی قەزای ئامێدی پزیشکی ددانی نییە
+964
هیڤی دێوالی-دهۆک
ماوەی دوو مانگە لە نەخۆشخانەی ناوەندی ئامێدی پزیشکی ددانیان نییە، هاوڵاتیان داوا دەکەن کێشە چارەسەر بکرێت.
لە قەزای ئامێدی دوو نەخۆشخانەی گشتیی هەن، لەگەڵ 27 بنکەی تەندروستی لە ناحیەکان.
حەمید ئامێدی، هاوڵاتی لە سەنتەری قەزای ئامێدی بە 964ی وت، “زیاترە لە دوو مانگە لە نەخۆشخانەی ئامێدی پزیشکی ددان نییە، پێویستە بۆ نەخۆشی ددان بچیینە کلینکە تایبەتەکان، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کێشەکەمان بۆ چارەسەر بکەن.
مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە 964ی وت، لە نەخۆشخانەی ئامێدی سێ پزیشکی ددانیان هەبوو، بەڵام دووانیان بۆ خوێندن چوونە دەرەوەی وڵات، ئەو پزیشکەی دیکەش بەهۆی نەخۆشییەوە مۆڵەتی شەش مانگی وەرگرتووە.
وتیشی، لە هەر شەش ناحیەی ئامێدیدا تەنیا دوو ناحیە “دێرەلۆک و شێلادزێ”، کێشەی نەبوونی پزیشکی ددان نییە، لە ناحیەی سەرسنگیش زیاتر لە ساڵێکە گرفتی نەبوونی پزیشک هەیە.
بە قسەی جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی، چەندان جار پەیوەندییان بە تەندروستیی گشتیی دهۆک کردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکە، کێشەی پزیشکی ددان لە هەموو قەزایەکاندا هەیە، بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکی ددان لەوەتەی ساڵی 2015ەوە، کە گرێبەست و دامەزراندنیش وەستاون.
قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆکە و خاوەن شەش ناحیەیە، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 120 هەزار کەسە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا