24 كاتژمێر
به‌په‌له داوای لیستی موچه‌ی وه‌زاره‌كان به عه‌ره‌بی كرا
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
به پێی زانیارییه‌كانی 964 داوای به‌په‌له له وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كراوه، لیستی موچه‌ی مانگی شوبات ئاماده بكه‌ن.
به پێی نووسراوێك، كه وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم ئاراسته‌ی وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كانی كردووه، له ماوه‌ی 24 كاتژمێری داهاتوو لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌ت بكه‌ن و به عه‌ره‌بی بینووسن.
پێشبینیی ده‌كرێت وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم، لیستی سەرجەم موچەخۆران و فه‌رمانبه‌ران بۆ بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاریی عێراق بنێرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا موچه بنێرێت.
ئه‌مه له كاتێكدایه له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا موچه‌ی مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ دابه‌شكراوه، هه‌روه‌ها موچه‌ی سێ مانگی كۆتایی ساڵی 2023یش نه‌دراوه و چاره‌نووسیشی دیار نییه.
به پێی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق، كه له 21ی مانگی رابردوو ده‌رچووه، پێویسته حكومه‌تی عێراق موچه‌ی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌بێ قه‌رز بنێرێت، هه‌روه‌ها حكومه‌تی هه‌رێمیش پێویسته داهاتی نه‌وتی و نانه‌وتی راده‌ستی به‌غدا بكات.