هاوینان زیاد دەکات
عەلوەی سلێمانی رۆژانە 10 تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە
964+
پێشەوا محەمەد
عەلوەی سلێمانی رۆژانە 10 تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە، بەرپرسێکی ئیداریی شوێنەکە دەڵێت، لەسەر ئەرکی خۆیان کۆمپانیایەکیان گرتووە بۆ پاککردنەوەی.
عەلوەکە رۆژانە قەرەباڵغە، کۆمپانیا پاککەرەوەکەش شەوان دەچێت و هەمووی پاک دەکاتەوە.
سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، رووبەری عەلوەی سلێمانی 53 دۆنم زەوییە و 183 بەش و 40 دوکانی بچووکی تێدایە، ئەوەش وای کردووە رۆژانە خۆڵ و پاشماوەیەکی زۆری لێ کۆببێتەوە.
وتیشی، “ئەم وەرزە رۆژانە 700 تا 800 تۆن میوە و سەوزە دەگاتە ناو عەلوە، بەڵام بەهاران و هاوینان ئەو رێژەیە بۆ هەزار و هەزار و 500 تۆن زیاد دەکات”.
لەناو شاری سلێمانی رۆژانە هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارەی 964 لە شارەوانیی سلێمانییەوە وەریگرتووە، لە بۆنەکاندا ئەو رێژەیە بۆ هەزار و 300 تۆن زیاد دەکات.
“لە وەرزی هاویندا پاشماوە زۆر دەبێت چونکە ئەوکاتە نزیکەی دووهێندەی ئێستا بەرهەم دێتە عەلوەوە، ئەوکاتە پاشماوە لە 15 تۆنی رۆژانە نزیک دەبێتەوە”، ئەوەش قسەی سەروەر عەلییە.