964+
"ئەوەی کەرکوکیش ئێمە بووین"
گروپێکی نەتەوەپەرستی تورکی دەڵێن “ئێمە لەنگەی هەولێرمان سووتاند”
964+
ئەحمەد مستەفا
گرووپێکی نەتەوەپەرستی تورکی، “بەناوی تەشکیلاتی عەهدی میللی تورکی”، بانگەشە ئەوەی دەکەن، ئەوان بازاڕی لەنگەی هەولێریان سوتاندووە، هەر ئەوەنا، راستەوخۆ دان بە چالاکی گروپەکەیان لە باکووری سوریا و کەرکوک دەنێن، و دەڵێن، “پارساڵ ئەوان بازاڕێکیان لە کەرکوک سوتاندووە”.
ئەو گروپە جگە لە هۆشداریدان و هەڕەشە، باس لەوە دەکەن “دوێنێ سێشەممە 27.2.2024، لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کە لە ژێر پاراستنی حکومەت دایە، لەلایەن ئەندامەکانیانەوە، لە کۆی دوو هەزار و 315 دوکان، لە یەک کاتدا تێکشکاندنیان لە دوکانەکان ئەنجامداوە و هەزار و 315 دوکانیان بە تەواوی وێران کردووە”.
ئەو گروپە پێگەکەی، رەنگێکی رەشە و چەند کاتاگۆرییەک هەیە بۆ خستنەڕووی زانیاری سێ بڵاوکراوە لە پێگەکەیدا بڵاوکراوەتەوە، وە لۆگۆکەی رووبەری خاک دەوڵەتی عوسمانی و ئاڵای تورکیای (لە هاوشێوەی گورگێک) لەسەرە و خۆی ناساندووە، ئەمڕۆ 28.2.2024 لە بڵاوکراوەکەیدا ئەوەشی وتووە، “ئەی پەروەردگار ئەو قوربانیانەمان قبوڵ بکە، کە لە پێناو هەڵکردنی ئاڵا شکۆمەندەکەمان لە خاکی نەتەوەیماندا پێشکەشمان کردووە”.
گروپەکە دەڵێت، “پیرۆزبایی لە ئازایەتی سوپا شکۆمەندەکەمان دەکەین، کە توخمە تیرۆریستییەکانی ناو کۆشکەکانیان لە باکوری عێراق لە ناوبرد، هەڵۆ باڵ ئاسنینەکانمان لە باکوری سوریا بارەگای تیرۆرستەکانیان لە ناوبرد، هەروەها بازاڕی کەرکوکیان سووتاند لە مانگی 10.2023 و ئێستاش لە نگەی هەولێریان بەتەواوەتی وێران کردووە”.
ئەو گروپە دەڵێن لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا دەڵێت، “گوێ له بانگەوازەکەمان بگرن و دەستبەجێ هۆشدارییەکانمان جێبەجێ بکەن، ئەگەرنا بەردەوام دەبین لە چالاکییەکانمان”، بەبێ ئەوەی ئاگاداری و زانیاری بدات لەسەر داواکارییە بنەڕەتییەکانی.
بڵاوکراوەی ئەو گروپە لە کاتێکدایە، ئێوارهی دوێنێ سێشهممه 27.2.2024 دهوروبهری كاتژمێر 07:30 ئاگر له بازاڕی لهنگهی ههولێر كهوتهوه، كه زیانێكی زۆری به بازاڕهكه گهیاند، ئاگرهكه دوای دوو كاتژمێر و 40 خولهك كۆنتڕۆڵ كرا.
هاوکات، پارێزگاری هەولێر لەسەر سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی، بەهۆی ئاگرەکەوە لە کۆی دوو هەزار و 400 دوکان 166 دوکان سووتاون، داتا زیان و ژمارەی دوکانەکان هاوتای ئەو داتایە نییە کە گروپەکە بڵاویکردووەتەوە.
ئەوەش هاتووە، 90 کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاوڵاتییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو بوو، لەو ژمارەیە 24 کەس گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و سەرجەمیان دوای چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی پارێزگاری هەولێر، بەرزی ئاگرەکە سێ مەتر بووە و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبووە هەربۆیە چەندین تیمی بەرگری شارستانی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتوچۆ، تەندروستی، شارەوانی4 و سەرۆکایەتی شارەوانی لەو شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون.