لە ملیۆنێک 200 هەزار دینار دادەشکێنرێت
تەنیا ئەمڕۆ و سبەی ماوە بۆ داشکاندنی سزای سەر شۆفێران
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
ئەو داشکاندنەی کە رێژەکەی 20%ـە دیاری کرابوو بۆ سزای سەر شۆفێران ماوەکەی تەنیا ئەمڕۆ و سبەی ماوە، بەو هۆیەش قەرەباڵغییەکی زۆر لە هاتوچۆی سلێمانی دروستبووە.
عەقید بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی بۆ 964 وتی، ماوەی شەش مانگە ئەو بڕیارە دراوە هاوڵاتیان هەر نەهاتوون و ئێستا کە دوو رۆژی ماوە قەرەباڵغییەکی زۆریان دروستکردووە.
وتیشیم سەرجەم کارمەند و ئەفسەران لە بەشەکانی دیکەشەوە هێنراون بۆ ئەوەی زۆرترین مامەڵەی هاوڵاتیان بەڕێ بخرێت.
دەشڵێت، بە پێی داشکاندنەکە ئەگەر شۆفێرێک یەک ملیۆن دینار غەرامەی لەسەر بێت 200 هەزار دینار داشکاندنی بۆ دەکرێت واتە 20%.
بڕیارەکە تەنیا ئەمڕۆ و سبەینێ چوارشەممەی ماوە و تا ئێستا بەقسەی هاتوچۆی سلێمانی هیچ بڕیارێکی دیکە نییە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی لێ خۆشبوونەکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی