لەناوچەی نەوسودی بانە
زیاتر لە 20 ئەسپی کۆڵبەران بە فیشەک کوژران
964+
ئەحمەد مستەفا
بەگوێرەی بڵاوکراوەیەکی پێگەی کۆڵبەرنیوز بێت، ژمارەیەک لە هێزەکانی پاسداری ئێرانی لە ناوچەی نەوسودی بانە، زیاتر لە 20 ئەسپی کۆڵبەران و کاسبکارانیان بە فیشەک کوشتووە.
ئەم رووداوە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 25.2.2024 روویداوە، بەڵام تا پێگەکە ئاشکرای نەکرد، ناوەند و دەزگا ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوکراوەیان لەسەر رووداوەکە نەبووە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەردەکەوێت، ئاسەواری خوێن و برینی قوڵ لە جەستەی ئەسپەکان دیارە، هەندێکیان لەکاتی ئالیک خواردندا کوژراون بەو پێیەی کۆڵی خواردن بە دەمیانەوەیە، بەپێی راپۆرتی کۆڵبەر نیوز، هێزەکانی پاسداری ئێرانی لە سنوری نەسود و بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تەقەی راستەوخۆ و بە فیشەک، 20 ئەسپەکەی کۆڵبەران و کاسبکارانیان کوشتووە.
ئەسپەکان بۆ هێنان و بردنی باری کەلوپەل و خواردن، بەدەستی کۆڵبەران لەنێوان سنورەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان کاریان پێ کراوە، ئەو پێگەیە دەڵێت، ئاگاداری رای گشتی و چالاکانی ژینگە و مافی ئاژەڵان دەکەنەوە، سەبارەت بەم کارەی سوپای پاسداران کردوویەتی، کە ئاژەڵانی باربەری کۆڵبەر، تاکە سەرمایەی ئەم کۆمەڵە چەوساوەی کۆمەڵگەن.
بەپێی ئاماری 2023ی پێگەی کۆڵبەرنیوز بێت کە تۆمارکردوون، جگە لە زیانی گیانی ئاژەڵەکانیان لەو ماوەیەدا، 299 کۆڵبەر لە سنورەکان و رێگای نێوان ئازەربایجانی رۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە هۆکاری وەک تەقەی راستەوخۆ، هەرەسی رەنوو، بەستەڵەک، کەوتنە سەر مین، کەوتنە خوارەوە لە شاخ و بەرزایی گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون.