سێشەممە بڕیار دەدرێت

پشووەکانى نامێنن و پڕۆگرامى خوێندنى پۆلى 12 کەمدەکرێتەوە؟

964+

وریا فەتاح

بڕیارە رۆژى سێشەممەى داهاتوو، ئەنجومەنى وەزارەتى پەروەردە لە بارەى لابردنى رۆژانى پشوو و کەمکردنەوەى پڕۆگرامى خوێندنى پۆلى 12ـى ئامادەیى و گۆڕانکارى لە خشتەى تاقیکردنەوەکان، بڕیار بدات.

964 زانیویەتى، کۆبوونەوەکە بۆ بڕیاردانە لەسەر ئەو پێشنیارانەى کە بۆ کەمکردنەوەى رۆژانى پشوو و دواخستى کاتى تاقیکردنەوەکان خراونەتەڕوو، چونکە بایکۆت و هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و جەژنى قوربان، گرفتى بۆ ئەو بابەتە دروستکردووە.

بە پێى خشتەى تاقیکردنەوەکانى وەزارەتى پەروەردە، رۆژى 3.6ى هەموو ساڵێک تاقیکردنەوەى خولى یەکەمى پۆلى 12ـى ئامادەیى دەستپێدەکات، خولى دووەمیش دەکەوێتە 3.8ـەوە.

پێشنیارێک هەبوو لە وەزارەتى پەروەردە، خشتەکە وەک ئەوەى هەیە جێبەجێ بکرێت، بەڵام قوتابیانى ئەو شوێنانەى بایکۆتى تێدا بووە، خولى یەکەمی تاقیکردنەوەکانیان لە رۆژى 3.8 ئەنجام بدەن، واتا خولى دووەم ببێتە خولى یەکەمیان و خولى دووەمیان بچێتە مانگى نۆ.

بە پێى زانیارییەکانى 964، کاتێک کۆمیسیۆن لە چەند رۆژى رابردوودا داواى لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان کردووە کە سەرەتاى مانگى شەش دیاریى بکات بۆ رۆژى هەڵبژاردن، ئەوە گرفتى بۆ خشتەى تاقیکردنەوەکان دروستکردووە، بۆیە ئەو پێشنیارە لاى بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردە کۆتایى هاتووە، نەک هەر ئەوە بگرە وەزارەتى پەروەردە ناچارە گۆڕانکارى لە خشتەى تاقیکردنەوەکان بکات.

بەرپرسانى وەزارەتى پەروەردە بیریان لەوە کردبووەوە خولى یەکەم بخەنە رۆژى 15.6 و دوو هەفتە دوایبخەن، بەڵام ئەگەرى بەهێز ئەوەیە لەبەر ئەوەى جەژنى قوربان دەکەوێتە ئەو رێکەوتەوە، پێشنیارێکى یەکانگیر و بەهێز لاى وەزارەتى پەروەردە دروست بووە کە ئەمەیە:

یەکەم: تاقیکردنەوەى خولى یەکەمى پۆلى 12ـى ئامادەیى، لە 3.6ـەوە بۆ کۆتایى مانگى شەش یان سەرەتاى مانگى حەوت دوابخرێت، بەم شێوەیە هەموو قوتابیان بە قوتابیانى ئەو شوێنانەى بایکۆتیشى تێداکراوە، بەشدارى تێدا بکەن.

دووەم: تاقیکردنەوەى خولى دووەم، بەپێى ئەو پێوەرە دەکەوێتە دواى 15.8.

لە بارەى کەمکردنەوەى پڕۆگرامى پۆلى 12ـى ئامادەیى، بەرپرسێکى وەزارەتى پەروەردە کە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە بە 964ـى وت،”هەرچەندە رۆژى سێشەممە بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت، بەڵام بۆ ئەوەى هەموو قوتابیانى پۆلى 12 بەو قوتابیانەشى کە بەهۆى بایکۆتەوە دواکەوتوون، ئەوا لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر کەمکردنەوەى پڕۆگرامى خوێندن دەدرێت”.

سەیوان فەرەج، بریکارى وەزارەتى پەروەردە، بە 964ى وت،”رۆژى سێشەممە، بڕیار دەدرێت و ئەندامانى ئەنجومەنى وەزارەتى پەروەردەش ئازادن لە پێشنیار و بۆچوونەکانیان و بە دەنگى زۆرینە بڕیار دەدرێت”.

مانگى داهاتوو، شەش رۆژ پشووى تێدایە، کە بریتین لە رۆژەکانى (5،11،14،21.22.23)، ئەوەش گرفت بۆ قوتابیانى پۆلى 12 دروست دەکات، بەتایبەت ئەو قوتابیانەى پۆلى 12ن و ئەمساڵ بەهۆى بایکۆتەوە دواکەوتوون، 964 زانیویەتى، لە کۆبوونەوەکەى رۆژى سێشەممە، ئەگەرى بەهێز ئەوەیە چوار رۆژ لە پشووەکان بۆ قوتابیان لاببات.

بۆ ئەوەی سزای مامۆستاکانی نەدات دەستی لەکارکێشایەوە

بۆ ئەوەی سزای مامۆستاکانی نەدات دەستی لەکارکێشایەوە

وەزارەتى پەروەردە لە بەرژەوەندى قوتابیانى پۆلى 12 بریا...

وەزارەتى پەروەردە لە بەرژەوەندى قوتابیانى پۆلى 12 بریاریدا