300 تاوەر لە سنوورەکە هەن

لە راپەڕین داوا لە کۆمپانیاکانی گەیاندن دەکرێت پڕۆژەی لەبری سەوزکردن ئەنجام بدەن

964+

پێشەوا محەمەد

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین داوا لە کۆمپانیاکانی گەیاندن دەکات پڕۆژەی لەبری سەوزکردن ئەنجام بدەن.

لە سنوورەکە نزیەکەی 300 تاوەری کۆمپانیاکانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن و ئینتەرنێت بوونیان هەیە و نزیکەی 100 دانەیان مۆڵەتیان نییە.

محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت، “نووسراومان کردووە بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی گەیاندن تا پڕۆژەی لەبری سەوزکردن لە بەرامبەر ئەو تاوەرانە ئەنجام بدەن کە لە سنوورەکە دایانناون”.

تا ئێستا یەک کۆمپانیای گەیاندن پڕۆژەی لەبری سەوزکردنی لە شاری رانییە ئەنجام داوە و شەش هەزار مەتری سەوز کردووە و بەڕێوەبەردن و ئاودانی سەوزاییەکەش لە ئەستۆی کۆمپانیاکەیە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین وتیشی، “دەمانەوێت ئەمساڵ برەو بە پڕۆژەکانی لەبری سەوزکردن بدەین، چونکە دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی سنوورەکە”.

رێژەی سەوزایی سنوورەکە لە ئێستادا کەمترە 10%.

پڕۆژەی لەبری سەوزکردن بە پێی رێنمایی دەستەی ژینگەی هەرێم بەسەر ئەو کۆمپانیایانەدا جێبەجێ دەکرێت، کە رێژەی سەوزایی پڕۆژەکانیان نەگەیشتووەتە 25% و پێویستە لە دەرەوەی پڕۆژەکەی خۆی رێژەی سەوزاییەکەی تەواو بکات.

بەپێی رێنمایی دەستەکە، کۆمپانیاکانی گەیاندن بەهۆی بوونی تاوەرەکانیانەوە دەبێت سەرجەمیان پڕۆژەی لەبری سەوزکردن ئەنجام بدەن.

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین: دژایەتی داری کالیپتۆز دەکرێ...

فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین: دژایەتی داری کالیپتۆز دەکرێت