لە چەمچەماڵ

ئەمڕۆ کۆتا رۆژی وەرگرتنی خوێنە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

ئەمڕۆ هەینی، کۆتا رۆژی وەرگرتنی خوێنە بۆ تاقیکردنەوەی DNA بۆ ناسینەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ و تا ئێستا 352 نموونەی خوێن وەرگیراوە.

ماوەی هەفتەیەکە تیمێکی پزیشکی دادیی بەغدا لەگەڵ دەزگای شەهیدان و پاراستنی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی عێراق بە هاوکاریی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری بێسەروشوێنبووان icmp لە چەمچەماڵ خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وەردەگرن.

هابیل ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “تاکو ئێستا ئەو لیژنەیەی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراقە هیچ ئامارێکی بە ئێمە نەوتووە و ئەمڕۆ لیژنەکە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، دواتر بۆ هەمان مەبەست دەڕۆنە کەلار و لەکۆتاییدا ئەنجامی پشکنینەکان رادەگەیەندرێت”.

وتیشی، “هەنگاوی دواتری پڕۆسەکە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی DNAـەیە بۆ ئەوانیش”.

جگە لەوەی نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وەردەگیرێت، هاوکات پرسیاری شێوە و باڵا و رەنگی چاو و بوونی هیچ پەڵەیە و نیشانەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکرێت بۆ ئەو کەسانەیان کە ئەنفال کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست 964 کەوتووە، 352 نموونەی خوێن لە کەسوکاری ئەنفالکراوان وەرگیراوە.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو 21.2.2024 رووفاتی 172 ئەنفالکراو گەڕێندرانەوە چەمچەماڵ و لە مۆنۆمێنتی ئەنفال بەخاک سپێردراون.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد

ئەمڕۆ چەمچەماڵ شینی بۆ 172 ئەنفالکراو کرد

ئەمڕۆ چەمچەماڵ شینی بۆ 172 ئەنفالکراو کرد