سەنتەرێکی شێرپەنجە لە سلێمانی: توشبوون دوو ‌هێندە زیادیکردووە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە بۆ دوو ھێندە زیادیکردووە، سەنتەری ژیانەوە کە سەنتەرێکی تایبەتە بە چارەسەری شێرپەنجە بە تیشک لە سلێمانی دەڵێت، رۆژانە نزیکەی شەش توشبووی نوێ تۆماردەکرێن.

زۆربەی توشبووان و سەردانیکەرانی سەنتەری ژیانەوە خەڵکی پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک، کەرکوک و موسڵن و ئەو نەخۆشانەن کە تەنیا بە تیشک چارەسەر وەردەگرن.

دکتۆر بەمۆ نەقشبەندی، بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە لە سلێمانی بە 964+ی راگەیاند، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا ژمارەی توشبووانی رۆژانە بە شێرپەنجە بۆ دوو هێندە زیادیکردووە و زۆرترینیان لە جۆری شێرپەنجەی مەمکن.

“لە ساڵی 2015 و 2016ـدا ژمارەی توشبوونی ساڵانە زیاتر لە هەزار کەس بوو، بەڵام ئێستا ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار کەس تووشی شێرپەنجە دەبن،” دکتۆر بەمۆ نەقشبەندی وای وت.

بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە دەڵێت، رۆژانە نزیکەی 200 کەس سەردانیان دەکەن و 100 کەسیان پێویستیان بە چارەسەری تیشک هەیە.

نەخۆشانی شێرپەنجە لە رێگەی نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی و تیشک چارەسەر دەکرێن و لە نەخۆشخانە حکومییەکان بێ بەرامبەرە، بەڵام هەندێک جار دەرمان دەستناکەوێت و لە بازاڕیشدا نرخیان زۆرە.

بەپێ ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، حکومەتی ھەرێم ساڵانە 90 ملیار دینار بۆ چارەسەری توشبووانی شێڕپەنجە خەرج دەکات.

بەڕێوەبەری سەنتەری ژیانەوە دەڵێت “ئەو ئامێرانەی کە بۆ تیشککردن بەکاریاندەهێنین کۆنن و زوو زوو کێشەیان تێدەکەوێت، ئەو کۆمپانیایەی کە کاری چاککردنەوەی ئامێرەکان دەکات نزیکەی دوو ساڵە پارەی وەرنەگرتووە.”

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، لە ساڵی 2022دا سێ هەزار و 150 توشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون کە 250 کەسیان منداڵ بوون.