ئەمساڵ چەند کتێب چاپ دەکەن؟
وەزارەتی رۆشنبیری ئەو تەوەرانەی دیاری کرد کە وەرگێڕانیان بۆ دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێم ئەو تەوەرانەی دیاری کرد، کە لە پڕۆژەی “بمناسە”ـدا کاری وەرگێڕانیان بۆ زمانەکانی دیکە بۆ دەکات و وەزارەتەکە دەڵێت، ئەمساڵ 40 کتێب وەردەگێڕن و چاپی دەکەن.
“بمناسە” پڕۆژەیەکی نوێی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانە و ئامانجیا لێی وەرگێڕانی کتێبی کوردییە بۆ سەر زمانەکانی تری دونیا.
نامیق هەورامی، وتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم بۆ 964ـی روونکردەوە، دەستیان بە پڕۆژەکە کردووە و لەگەڵ نووسەران و توێژەران و ناوەندە ئەکادیمییەکان لە پەیوەندیدان بۆ ئەو کتێبانەی دەیانەوێت ئەمساڵ وەریانبگێڕن و چاپیان بکەن.
دەشڵێت، “بۆ وەرگێڕانی کتێبەکان زیاتر پشت بە وەرگێڕە ئەکادیمییەکان دەبەستن، دوای وەرگێڕانیشی ئیدتۆرێکی ئەو زمانەی کتێبەکەی بۆ وەرگێڕدراوە پێداچوونەوە بۆ کتێبەکە دەکەن، تا لە هەموو روویەکەوە وەرگێڕان و زمانی وەرگێڕانەکە بێ کێشە بێت، ئەو کتێبانەش بڵاودەکەینەوە، کە نووسەرانی کورد بە زمانی دیکە نووسیویانە و چاپ نەکراون”.
ئەو تەوەرانەی وەزارەتەکە کاری وەرگێڕانیان تێدا دەکات بریتین لە:
* مێژووی کورد و کوردستان ( دێرین و هاوچەرخ).
* جوگرافیای کوردستان لە هەموو ژانرەکانیدا.
* لێکۆڵینەوە لە زمان و شێوەزارەکانی زمانی كوردی.
* جینۆساید و سیاسەتەکانی قڕکردنی کورد (لە دیرۆکی کۆن و هاوچەرخدا).
* پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی لە کوردستاندا.
* ئایین و ئایینزا کۆنەکانی کورد لە کوردستاندا.
* پرسی ژن.
* توێژینەوە لە مێژووی دێرین و هاوچەرخی ئەدەبیات و هونەر لە کوردستاندا.
سەبارەت بە چاپکردنی کتێبەکان، تا ئێستا دوو بۆچوون لەناو وەزارەتی رۆشنبیری هەیە، “یەکەمیان ئەوەیە لە کوردستان چاپیان بکەین و بەشداریی پێشانگا نێودەوڵەتییەکانیان پێ بکەین و بیاندەینە میوانانی کوردستان و کونسوڵخانەکان، بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە لەو وڵاتە چاپ بکرێت کە بۆ زمانەکەی وەرگێڕدراوە و دواتر بهێندرێنەوە”، نامیق هەورامی وای وت.