رۆژهەڵاتی کوردستان
مامۆستایەکی ئایینی بە 15 مانگ زیندانیی سزا درا
964+
شۆڕش قادری
لە رۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایەکی ئایینی بە 15 مانگ زیندانیی سزا درا.
بە پێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، “مامۆستا سابیر خودامورادی، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەڕەکی قەوەخ لە شاری سەقزی سەر بە پارێزگا سنە، سزای 15 مانگ زیندانیی بە سەردا سەپێنراوە”.
“ئەو سزایە لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری هەمەدان بە سەر مامۆستا سابیردا سەپێنراوە و لە رێگەی پەیوەندی تەلەفۆنی پێیراگەیەنراوە”، هەنگاو وادەڵێت.
لە دوو ساڵی رابردوودا و بە هۆی رەخنە گرتن لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران و پشتیوانی لە داخوازییەکانی خەڵک و خۆپیشاندانەکان دژ بە کوژرانی ژینا ئەمینی لە خوتبەکانیدا، مامۆستا سابیر خودامواردی چەند جارێک هەڕەشەی لێکراوە و بۆ دادگای هەمەدان بانگ کراوە.