سێ مەرسوم دەرچووە و ئەنجامی نەبووە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چی بەسەردێت؟
+964
ژووری هەواڵ
نزیکەی دوو ساڵ و پێنج مانگ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەکەی خۆی دواکەوتووە، ناکۆکى لایەنە سیاسییەکان لەسەر یاساى هەڵبژاردن و چەندین جار دواخستنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی چەند مادەیەک لە یاسای هەڵبژاردن لەو هۆکارە سەرەکیانەن کە هەڵبژاردن نەکراوە.
تاوەکو ئێستا دادگای فیدراڵی بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێک بدات، 11 دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە دواخستووە، کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و یونامی کۆبووەوە و رایگەیاند، گفتوگۆیان کردووە لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و کاتی ئەجامدانەکەی، بەڵام راگەیەندراوەکە باس لە هیچ وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن ناکات.
لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، بە پەرۆشی و رژدییەوە هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دەشڵێت، “کۆمیسیۆن باسی رێکارە تەکنیکییەکان و دابەشکردنی کات بۆ هەنگاوەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیان لە چوارچێوەی کاتی بەردەستی یاسایی تەمەنی کۆمسیۆندا خستەڕوو، لە هەمان کاتدا نوێنەری یونامیش ئامادەیی نیشان دا کە هاوکاریی هەموو هەنگاوەکان بن بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.”
ئەوەش لەکاتێکدایە، 964 لە سەرچاوەیەکی نێو کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق زانیویەتی، هەرکاتێک وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت، لانیکەم چوار مانگیان پێویستە بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانەکەی بکەن، بۆیە ئەگەر لەم مانگەدا وادەکەی دیاریبکرێت ئەوا دەتوانن لە مانگی حوزەیراندا هەڵبژاردنەکە بکەن.
لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە سێ مەرسوم بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هیچ یەک لەو وادانەدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەنەچووە.