"لە پشکنین دەرچووە"
هاوردە و هەناردەکاران: قەتەر پشکنینی بۆ هەنگوینی کوردی کردووە
964+
ئەحمەد مستەفا
لە نوێترین بەشداریدا، هەنگوینی هەناردەکراوی هەرێمی كوردستان لە پێنجەمین پێشانگەیەكی نێودەوڵەتی قەتەر نمایش کرا، یەکێتی هاوردە و هەناردەکاران دەڵێت، “خواستێكی زۆری كڕیارانی لەسەرە”.
ئەو هەنگوینەی هەناردەی قەتەر کراوە، لە پێنجەمین پێشانگەی هەنگوین هاوشانی 23 وڵات و 100 كۆمپانیای جیاجیای جیهانی بەشداری پێکرا، لە راگەیەندراوێکدا هەناردە و هاوردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوای هەناردەكردنی هەنگوینی كوردستان لە مانگی 11ی 2023، لایەنی حكومیی لە قەتەر، چەندینجار پشكنینیان بۆ هەنگوینی كوردستان كردووە و بەسەركەوتوویی لە هەموو تاقیكردنەوەكان دەرچووە.
بە گوێرەی داتا بە دەستهاتووەکانی 964، کە لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانەوە پێی دراون، لە قۆناغی یەکەمدا، وەک پرۆژەی تاقیکاری بڕیاربوو تەنیا بڕی دوو هەزار کیلۆ رەوانەی وڵاتی قەتەر بکرێت، بەڵام ئەو رێژەیە بۆ سێ هەزار و 40 کیلۆ بەرزبووەوە، دوای کڕینی بڕی هەزار و 40 کیلۆ لەلایەن دوو کۆمپانیای ناوخۆییەوە.
هەنگوینی کوردستان گەیشتە قەتەر
ئەو دوو هەزار کیلۆیەی بۆ بازاڕەکانی قەتەر هەناردەکراوە، پێکهاتووە لە چوار هەزار و 920 شووشەی هەنگوین بە قەبارەکانی 350 کیلۆگرام و 650 کیلۆگرام، داهاتەکەشی بریتی بووە لە 149 ملیۆن و 423 هەزار و 750 دینار.
هەروەها بڕی هەزار و 40 کیلۆ هەنگوینی ئەو دوو کۆمپانیا ناوخۆییە کڕیویانە، لە دوو هەزار و 280 شووشەی هەنگوینی قەبارە جیاواز پێکهاتووە و داهاتەکەشی گەیشتە 76 ملیۆن و 176 هەزار دینار.
دابینکردنی هەنگوین بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و دەرەوە لە هەشت ناوچەی جیاوازی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان هەڵبژێدراون، دوای ئەوە لە ئەنجامی پشکنینەکاندا، دڵنیابوونەوە لە کوالێتییەکەی بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، کە خواست بۆ تام، دەرمان و بۆ بەکارهێنانی بووە لە دروستکردنی خواردن.
قەتەڕ داوای هەنار، هەنگوین و برنجی کوردستان دەکات
لە پارێزگای هەولێر، هەنگوینی چیای سەفین زۆرترین بەرهەمی هەبوو کە گەیشتووەتە چوار هەزار کیلۆ، لە پارێزگای سلێمانی، لە شارباژێر 600 کیلۆ و لە ماوەتیش بەرهەمی هەنگوین دوو هەزار و 500 کیلۆ بووە، هەروەها لە پارێزگای دهۆکیش، لە ئاکرێ 300 کیلۆ و لە ئەترووش 500 کیلۆ بەرهەمی هەنگوین هەبووە.
لە پارێزگای هەڵەبجە، لە بیارە 500 کیلۆ و لە ئیدارەی راپەڕین لە رانیە هەزار و 500 کیلۆ و لە ئیدارەی گەرمیانیش لە کەلار 50 کیلۆ بەرهەمی هەنگوین هەبووە.