مامۆستایانى ناڕازى: شکاندنى بایکۆت بەدەست ئێوە نییە
بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى پشدەر بایکۆتیان شکاند
964+
محەمەد عەلى- قەڵادزێ
بە کۆى دەنگى بەڕێوەبەرى قوتابخانەکانى ناو قەزای قەڵادزێ، بڕیاردرا بە کردنەوەى دەرگاى قوتابخانەکان و شکاندنى بایکۆت، مامۆستایانى ناڕازیش دەڵێن: شکاندنى بایکۆت بەدەست بەڕێوەبەرەکان نییە.
964 دەزانێت، ئەمڕۆ لەهۆڵی پەروەردەی پشدەر، بە ئامادەبونی 40 بەڕێوەبەری قوتابخانەکانى ناو قەڵادزێ و بەڕێوەبەرى پەروەردەى پشدەر، کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و بە کۆی دەنگ بڕیاردرا بایکۆت بشکێنن و دەست بە دەوام بکەنەوە.
لە بارەى بڕیارەکەوە، مەحمود حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر بە 964ـى وت، “بە کۆى دەنگ بڕیارەکەمانداوە و لە سبەینێوە، دەرگاى قوتابخانەکان دەکرێنەوە و دەوامى ئاسایى دەستپێدەکاتەوە”.
بە وتەى بەڕێوەبەرى پەروەردەى پشدەر، لە سنوورى ناحیەکانى سەنگەسەر و ژاراوە، دەرگاى بەشێک لە ناوەندەکانى خوێندن کراونەتەوە و لە ناو سەنتەرى قەڵادزێشدا، دەرگاى باخچەکانى ساوایان کراونەتەوە و قوتابخانە ئامادەییەکانیش دەوامیان دەستپێکردووەتەوە.
پاساوى پەروەردەى قەڵادزێ بۆ ئەو بڕیارە ئەوەیە، لە زۆربەى شوێنەکانى دیکە خوێندن ئاسایى بووەتەوە و بایکۆت شکاوە، بۆیە بەڕێوەبەرى پەروەردەى پشدەر دەڵێت: “داواکارم مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەکانى خوێندن بۆ ئەوەى داهاتووى قوتابییەکانى سنوورەکەمان نەفەوتێت”.
یەکێک لەو بەڕێوەبەرانەى لە کۆبوونەوەکە بەشدارى کردووە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: هەڵپەساردنى بایکۆت بڕیارێکى ناچارى بوو، چونکە لە زۆربەى شارو شارۆچکەکاندا بایکۆت شکاوە”.
لە پەیامێکدا کە وەڵامێکە بۆ ئەو بڕیارە، دەستەى سەرپەرشتى مامۆستایان ناڕازی پشدەر دەڵێن: هیچ کات شکاندنى بایکۆت لە دەست بەڕێوەبەرەکاندا نییە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح